یەكەم پرۆژەی گاوداری لە پارێزگای هەڵەبجە كرایەوە

لە لایەن هاوڵاتییەکەوە یەكەم پرۆژەی تایبەت بە بەخێوکردنی مانگای شیردەر (گاوداری) لەسنوری پارێزگای هەڵەبجە كرایەوە، کە توانای بەرهەمهێنانی نزیكەی دوو تۆن شیری هەیە لەڕۆژێكدا.


ئەمڕۆ لە شاری هەڵەبجە، پرۆژەیەکی تایبەت بە بەخێوکردنی مانگای شیردەر، کە بەشێوەیەكی ئەندازیاری لەلایەن هاوڵاتییەکی شارەکەوە دروستكراوە کرایەوە.

ئازاد تۆفیق، پارێزگاری هەڵەبجە، لەمیانی لێدوانێكی ڕۆژنامەوانیدا لەكاتی كردنەوەی پرۆژەکەدا، ڕایگەیاند "ناوچەی هەڵەبجە، هەورامان، شارەزوور لەڕووی كشتوكاڵ و ئاژەڵدارییەوە گرنگی تایبەتی خۆی هەیە، ئەمڕۆش پرۆژەی گاوداری و شیرمەنی هەڵەبجە كرایەوە کە پرۆژەیەكی زۆر گرنگە بۆ ناوچەكە".

وتیشی: پرۆژەكە بەرهەمێكی باشی دەبێت بۆ ناوچەكە و پێداویستی هەڵەبجەی پێدابین دەكرێت، هەروەها بەشێكی بازاڕی سلێمانیشی پێ تەواو دەكرێت.

ئەوەشی وت: کە لەپرۆژەكەدا ٤٠٠ سەر مانگای شیردەری تێدا بەخێو دەكرێت، لەهەموو ڕووەكانەوە كۆنترۆڵی تەندروستی دەكرێت، بۆ پاراستنیان لەنەخۆشی، ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد کە پرۆژەکە دەبێتە كارگەیەكی باش و بازاڕێك بۆ بووژاندنەوەی دەستی هەلی كار بۆ ناوچەكە.

حەمید عەبدوڵا، خاوەنی پرۆژەكە لەبارەی پرۆژەکەوە وتی: پرۆژەكەمان لەسەر ڕووبەری پێنج دۆنم زەوی دروستكراوە، لەلایەن بەڕێوەبەرایەتی كشتوكاڵی هەڵەبجەوە بۆمان جیاكراوەتەوە و لەپرۆژەكەدا تەنها مانگای شیردەر بەخێوناكرێت، بەڵكو مانگای گۆشتیش بەخێودەكرێت، دوای هەشت مانگ لە بەخێوكردنی هەر مانگایەک ٦٠٠ كیلۆ گۆشتی سوری لێبەرهەم دێت.

وتیشی: ئەو مانگایانەی لێرە بەخێودەكرێت جۆری (سمیتاڵە)، كە بەرهەمی گۆشت و بەرهەمی شیریشی دەبێت، ڕۆژانە یەک تۆن و نیو شیر بەرهەممان دەبێت، بەڵام بەهۆی ئەوەی خۆمان ناتوانین بیانکەینە بەرهەمی ئامادەکراو بۆیە ناچار دەیفرۆشین بە كارگەیەک لەشاری سلێمانی و ئەوان خۆیان دەیكەن بەماست و پەنیرو كەرە، بەرهەمی مانگاکانیش پێداویستی پارێزگای هەڵەبجە پڕدەكاتەوە.

خاوەنی پرۆژەكە وتیشی: ئێستا پرۆژەکەیان ٤٠٠ سەرییە، ئەگەر حكومەت هاوكاریمان بكات پرۆژەكە دەكەین بە هەزار سەری.

ک.س