شەممە, 6 يون 2020 – 11:15 ڕۆژنیوز – ناوەندی هەواڵەکان
ئاژانسی ڕۆیتەرز بڵاویکردەوە، نیوەڕۆی ئەمڕۆ کۆبوونەوەکەی ئۆپێک پڵەس لەسەر پێشنیازی محەمەد عەرقاب وەزیری وزەی جەزائیر بەڕێوەدەچێت، کە تیایدا گفتوگۆ لەسەر درێژکردنەوەی ڕێککەوتنەکەی ڕۆژی ٩ی مانگی چواری ئەمساڵ کە تیایدا بۆ پاراستنی نرخی نەوت بڕیاردرا تا مانگی حەوتی ئەمساڵ ڕۆژانە سەرجەمیان نۆ ملیۆن و ٧٠٠ هەزار بەرمیل هەناردەی نەوت کەم بکەنەوە.
ئۆپێک سعودیە ڕێبەرایەتی دەکات و هاوبەشەکانیش لەلایەن ڕوسیاوە ڕێبەرایەتی دەکرێن، بەپێی ڕێککەوتنەکەی پێشوو لە مانگی “حەوت” تەموزی داهاتوو هەناردەی نەوتەکە بۆ حەوت ملیۆن و ٧٠٠ هەزار بەرمیل کەم بکرێتەوە، واتە کەمتر لە بڕەکەی دوو مانگی پێش خۆی و تا کۆتایی ئەمساڵیش بەردەوام بێت، دوای ئەوەش ڕێژەکە کەمتر بکرێتەوە بۆ پێنج ملیۆن و ٨٠٠ هەزار بەرمیل لە سەرەتای ٢٠٢١ بۆ مانگی چواری ساڵی ٢٠٢٢، لە کاتێکدا سعودیە پێشنیاز دەکات کەمکردنەوەی ئەو بڕە نەوتەش بۆ لەمەولا بەردەوام بێت و کەمتر نەکرێتەوە.
هەر لە کۆبوونەوەکەی ئەمڕۆدا گفتوگۆ لەبارەی وڵاتانی عێراق و نایجیریاوە دەکرێت کە پابەندی ڕێککەوتنەکە نەبوون، بەڵام عێراق بەڵێنیداوە لەمەولا پابەند بێت بەو ڕێککەوتنانە و کەمکردنەوەی هەناردەی نەوت.
دوێنێ نرخی نەوت ژمارەیەکی پێوانەیی لە دوای مانگی ئازاری ڕابردوەوە تۆمار کردو گەیشتە ٤٢ دۆلار، بازاڕی نەوتیش بە ئەرێنی سەیری کۆبوونەوەکانی ئۆپێک پڵەس دەکات و پێشبینی بەرزبوونەوەی زیاتری نەوت دەکات لەم مانگەدا.
س.ح