قەیرانە درووستکراوەکانی هەرێمی کوردستان و بێمووچەیی ڕۆژ بە ڕۆژ زیاتر دەبن، فەرمانبەرانیش باس لە خراپی گوزەرانیان لە نەبوونی مووچەدا دەکەن، ئاماژە بۆ ئەوەدەکەن کە حکومەت باکی بە داواکارییەکانی هاوڵاتیان و مووچەخۆران نییە، ئابوورییناسێکیش پشت بەستن بە تەنها بە یەک سەرچاوەی داهات و لاوازی ڕێکخستنی ئابووریی و کارگێڕی بە هۆکاری سەرەکی خراپی دۆخی ئابووریی هەرێمی کوردستان دەزانێت.
نزیکەی ٥٠ ڕۆژە، وەزارەتی دارایی و ئابووریی هیچ مووچەیەکی دابەشنەکردووە و تائێستاش خشتەی دابەشکردنی مووچەی مانگی سێی ئەمساڵی ڕانەگەیاندووە، مووچە خۆرانیش هیچ هیوایەکیان بە حکومەت نییە، شاندی هەرێمی کوردستانیش هیچ ڕێککەوتنێکی لەگەڵ بەغدایا نەکردووە، ئەگەرچی چەند دەنگۆیەک دەبارەی ڕێکەوتنی هەرێمی کوردستان و بەغدا بڵاوبووەتەوە، بەڵام هێشتا هیچ ڕێکەوتنێکی فەرمی نەکراوە و چارەنووسی مووچەی مووچەخۆرانیش نادیارە.
هەڵکەوت عەلی، مامۆستا لە ئامادەیی کشتوکاڵی بەکرەجۆ، جگە لە باسکردنی خراپی گوزەرانی مووچەخۆران و هاوڵاتیان و وەستانی ئیشوکاری بازاڕ، باس لەوەدەکات کە ڕێکنەکەوتنی حزبەکان لەنێوان خۆیاندا و دڵسۆزنەبوونیان خەڵکیان بەم ڕۆژە گەیاندووە.

ئەو مامۆستایە هاوکات بوونی گەندەڵی بەهۆکاری نەمانی متمانە لە نێوان لایەنەکان و بەتایبەت لە نێوان عێراق و هەرێمی کوردستاندا دەبینێت و ڕێکەونتنیشیان بە هۆکاری سەرەکی چارەسەربوونی کێشە ئابوورییەکانی هەرێمی کوردستان دەزانێت.
ئاڤان عومەر، فەرمانبەر باس لەوەدەکات کە هیچ هیوایەکی بە حکومەت نەماوە، خەڵک ئێستا هیچی بۆ گرنگ نییە، چونکە حکومەت خۆی لە کێشە و گرفتەکانی میللەت خەواندووە، گوێی لە دەنگی میللەت نییە، دەشڵێت: تەنها چارەسەر ڕاپەڕینە دژی ئەم حکومەتە، ئێمە پێویستمان بە ڕاپەڕینێکی گشتییە، خەڵک بەهۆی نەبوونی سەرکردەوە بەم جۆرە بێدەنگن، نەبوونی سەرکردە و دڵسۆزێک بۆ ئەم خەڵکە بووەتە هۆی خراپی ژیانی هاوڵاتیان.

نەوزاد شێخ کامیل، ئابوورییناس و سەرۆکی سەندیکای ئابوورییناسانی سلێمانی، هۆکاری قەیران و کێشە ئابوورییەکانی هەرێم، بۆ پشت بەستن بە تەنها بە یەک سەرچاوەی داهاتەوە دەبەستێتەوە و لەو ڕوەوە، دەڵێت: هەر وڵاتێک تەنها پشت بە یەک سەرچاوەی داهات ببەستێت وڵاتێکی سفر و دۆڕاو دەردەچێت، هەروەها لاوازی ڕێکخستنی ئابووریی و کارگێڕی هۆکاری سەرەکی خراپی دۆخی ئابووریی هەرێمی کوردستانن، بۆیە هەمەچەشن کردنی داهاتەکان بەیەکێک لەبنەما سەرەکیەکانی باشبوونی دۆخی ئابووریی هەرێم دادەنێت.

بەپێی وتەکانی ئەو ئابووریناسە تەنانەت ئەو ڕێکەوتنەی نێوان هەرێمی کوردستان و بەغدا کە بڕیارە بکرێت ڕێکەوتنێکی کاتییە، چونکە دوای ئامادەکردنی پڕۆژە یاسای بودجەی ٢٠٢١ لەلایەن حکومەتەکەی کازمییەوە و ناردنی بۆ ئەنجومەنی نوێنەران دەبێت جارێکی دیکە شاندی دانوستانکاری هەرێم بچێتەوە بۆ بەغدا تا ڕێکەوتنێکی ئابووریی و سیاسی بکات، هۆکاری ئەم ڕێکەوتنە کاتییەی بەغداشی لەگەڵ هەرێمی کوردستاندا گەڕاندەوە بۆ ئەوەی، لە ئێستادا کازمی نایەوێت ئاڕاستەیەکی پێچەوانە دژ بەخۆی بهێڵێت و دەیەوێت دڵی هەمووان ڕازی بکات بۆیە ئامادەییە ڕێکەوتنە.
نەوزاد شێخ کامیل، بوونی بەشێکی دیکەی کێشە و گرفتە سیاسیەکانی ناو هەرێمی کوردستانی گەڕاندەوە بۆ نەبوونی یەک گوتاری ناو حزبە سیاسیەکانی هەرێمی کوردستان، کە بەرژەوەندییە حزبییەکانیان لەپێش بەرژەوەندییە نەتەوەیەکانیانەوەیە، ئەمانەش بوونەتە هۆی دەستوەردانی دەوڵەتانی نەیاری دراوسێ تا بەرژەوەندی خۆیان لەم ناوچەیەدا جێگیر بکەن و ئابووریی و گوزەرانی هاوڵاتیان خراپتربێت.
لەگەڵ ئەوەی نەوت بەردەوام نرخی لەبەرزبوونەوەدایە و ئێستا گەیشتووەتە زیاتر لە ٤٦ دۆلار، بەڵام کێشە ئابووریەکانی هەرێمی کوردستان وەک خۆیانن و مانگێک نییە مووچەی مووچەخۆران لە کاتی خۆیدا دابەشبکرێت و هێشتاش حکومەتی هەرێم بیری لە گەڕاندنەوەی مووچە فەوتاوەکانی ساڵانی ڕابردووی مووچەخۆران نەکردووەتەوە.
ک.س