سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان ١١ بڕیاری بۆ “ڕێکخستنەوەی سیستمی باج و ڕسومات” لە هەرێمی کوردستان دەرکرد، یەکێک لەوانە ئامادەکردنی هەمواری پەیڕەوی لێبڕینی ڕاستەوخۆی باجە، لە کارمەندانی کەرتی تایبەت.
بە واژۆی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، بەرواری ١٠-١-٢٠٢١، فەرمانی ژمارە ٩٦ بۆ “ڕێکخستنەوەی سیستمی باج و ڕسومات” لە هەرێمی کوردستان دەکراوە، کە ئەمڕۆ فەرمانەکە بڵاوبووەتەوە و ١١ بڕیار لە خۆ دەگرێت.
بەپێی فەرمانەکە، کۆمپانیاکانی ئینتەرنێت پابەند دەکرێن، بە پێدانی باجی فرۆشراوەکان، بەڕیژەی ٢٠٪، هەروەها کۆمپانیاکانی پەیوەندیی’کۆڕەک’ ئاسیاسێڵ و زین’ پابەندی پێدانی باج بە حکومەتی هەرێمی کوردستان دەکرێن.
یەکێکی دیکە لە بڕیارەکان، ئامادەکردنی هەمواری پەیڕەوی لێبڕینی ڕاستەوخۆی باجی دەرامەتە لەسەر کارمەندانی کەرتی تایبەت، هەروەها دیارییکردنی بنەما و میکانیزمی گونجاو بۆ وەرگرتنی باجی ئۆتۆمبێلی تایبەت، بڕیارێکی دیکەی سەرۆکی حکومەتی هەرێمە.
بەپێی فەرمانەکە، پێویستە لە ماوەی ٦٠ ڕۆژدا کارە پێویستەکان بۆ جێبەجێکردنی ئەو ١١ بڕیارە ئەنجام بدرێن و دوای ئەوە ڕاستەوخۆ بخرێنە بواری جێبەجێکردنەوە.
ش.ف