چوؤرشەممە, 10 يون 2020 – 07:17 ڕۆژنیوز – بەرهەم لەتیف
https://youtu.be/IAV_lbVWthg”>
لەدوای دابەزینی نرخی نەوت و کەمبوونەوەی داهاتی نەوتی هەرێمی کوردستان، پرسی دەستکارییکردنی مووچەی فەرمانبەران لەلایەن حکومەتی هەرێمەوە جارێکیتر سەریهەڵداوەتەوە، چەندین جار بەشێوەی ڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆش لەلایەن بەرپرسانی حکومەتی هەرێمەوە قسە لەبارەی دەستکارییکردنی مووچەی فەرمانبەرانەوە کراوە.
بەپێی وتەی سۆران عومەر، ئەندامی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی هەرێمی کوردستان، ئەمجارە دەستکارییکردنی مووچە لە بەرگی “چاکسازیی”دا دەبێت، بەشێوەیەک دەستکاریکردنەکە دەخرێتە چوارچێوەی یاسای چاکسازییەوە.
کەمکردنەوەی مووچەی مووچەخۆران لە دەرماڵەکاندا دەکرێت، نەک هاوشێوەی پێشوو کە بەناوی پاشەکەوتەوە ئەنجامدرا و هەتا ئێستاش حکومەت هیچ پلانێکی نییە بۆ گەڕاندنەوەی ئەو ٣٦ مووچەیەی کە بەناوی پاشەکەوتەوە لە مووچەخۆرانی بڕی.
دەستکارییکردنەکە لە چوارچێوەی جێبەجێکردنی یاسای چاکسازیی دەبێت، کە بڕیارە لە مانگی داهاتووەوە دەست بە جێبەجێکردنی یاساکە بکرێت، یەکێک لەو هەنگاوانەشی لە پەراوێزی جێبەجێکردنی یاساکەدا دەنرێت، بریتییە لە دەستکارییکردنی دەرماڵەی مووچە خۆران، لەکاتێکدا ٥٤٪ی مووچە بریتییە لە دەرماڵە.
سۆران عومەر بۆ ڕۆژنیوز دەڵێت: لە مانگی حەوتەوە دەست دەکرێت بە جێبەجێکردنی یاسای چاکسازیی، لەو ڕێگایەشەوە دەستکاریی مووچەی فەرمانبەران دەکەن، دەیانەوێت دەستکاریی دەرماڵەی مووچەخۆران بکەن، لەکاتێکدا ٥٤٪ی مووچە بریتییە لە دەماڵە.
سۆران عومەر ئەو هەنگاوە بە “نییەتێکی خراپ بەرامبەر مووچەی مووچەخۆران ناودەبات” و دەڵێت: نییەتی حکومەت بەرامبەر مووچەی مووچەخۆران نییەتێکی خراپە، دەیانەوێت بە کردەیی دەستکاریی بکەن، بەڵام بەناوی چاکسازییەوە، تا ڕادەیەک وای لێدەکەن کە بگاتە ئاستی مووچە بنەڕەتییەکەی “ئیسمیی”.
پاساوی حکومەتی هەرێم بۆ دەستکارییکردنی مووچەی مووچەخۆران کەمبوونەوەی داهاتی فرۆشتنی نەوتە، کە زیاد لە دوو مانگە بەشێوەیەکی بەرچاو ڕووی لە دابەزین کردووە.
بەپێی ئاماری وەزارەتی سامانە سروشتییەکان، مانگی ڕابردوو هەرێمی کوردستان لە داهاتی فرۆشتنی نەوت تەنها ٣٠ ملیۆن دۆلاری بۆ ماوەتەوە، بەشێوەیەک لە هەر بەرمیلێک نەوت ٢ دۆلار و ٢٠ سەنت گەڕاوەتەوە بۆ حکومەتی هەرێم.
بەڵام سۆران عومەر گومانی لەو ئامارانە هەیە و دەڵێت: حکومەتی هەرێم ٦٠٪ی داهاتی نەوت ناهێنێتەوە بۆ خەزێنەی حکومەت، بەڵکو بەناوی قەرز و پارەی کۆمپانیاکانەوە دەیبەن.
بۆ شەش مانگ و ١٠ ڕۆژ مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان تەنها یەک مووچەیان وەرگرتووە، ئەگەر مووچەی دیکە وەرگیرابێت ئەوەی هی ساڵی ڕابردوو بووە و ئەمساڵ دابەشکراوە، هەروەها هەرچەندە بەر لە جەژنیش بەغدا ٤٠٠ ملیار دیناری خستە سەر هەژماری بانکیی حکومەتی هەرێم، بەڵام قسە هەیە لەسەر ئەوەی ئەو پارەیە “درابێتەوە لەبری قەرز و نەدرێتە مووچەی فەرمانبەران”.
بەپێی ڕاگەیەندراوەکانی خۆیان، حكومەت مانگانە تەنیا بۆ خەرجی مووچەی مووچەخۆران پێویستی بە ٨٩٤ ملیار دینار هەیە، تێکڕای داهاتی مانگی ڕابردووی حکومەتی هەرێم گەیشتە ٩٠٠ ملیار دینار، کە مووچەی مانگی شوباتی پێ دابینکرد، بەشێوەیەک:
– پارەكەی بەغدا: ٤٥٣ ملیار دینار
– داهاتی فرۆشی نەوت: ٦٠ ملیۆن دۆلار
– داهاتی ناوخۆ: ٦٠ ملیۆن دۆلار
– یارمەتی دارایی هاوپەیمانان بۆ پێشمەرگە: ٢١ ملیار دینار
– وەرگرتنی پارە بەشێوەی پێشینە لە كۆمپانیاكانی نەوت: ١٥٠ ملیۆن دۆلار
– وەرگرتنی قەرز لە سەرمایەداران: ١٣٨ ملیار دینار
بەڵام هێشتا دیارنییە ئەم مانگە حکومەت چ پلانێکی هەیە بۆ دابینکردنی مووچەی فەرمانبەران، چونکە سەرباری پارەکەی بەغدا و داهاتی نەوت و داهاتی ناوخۆش، حکومەتی هەرێم ئەم مانگە نزیکەی ٣٧٠ ملیار دینار کورتهێنانی هەیە، بەشێوەیەک:
– پارەکەی بەغدا: ٤٠٠ ملیار دینار
– داهاتی نەوت: بەوتەی سەرۆکی حکومەت (٣٠) ملیۆن دۆلار
-داهاتی ناوخۆ: ٦٠ ملیۆن دۆلار
– یارمەتیی دارایی هاوپەیمانان بۆ پێشمەرگە: ٢١ ملیار دینارە
بەمپێیەش داهاتی ناوخۆی تێکڕای داهاتی ئەم مانگەی حکومەتی هەرێم ٥٢٠ ملیار دینار دەبێت، پێویستی بە ٣٧٠ ملیار دینار هەیە بۆ ئەوەی ئەو کورتهێنانەی پێ پڕبکاتەوە و مووچەی پێ دابینبکات.
بەپێی ڕاپۆرتێکی سایتی درەو میدیا، مانگی ڕابردوو سەرۆكی حكومەت بڕی ٣٠٠ ملیۆن دۆلاری لە دەرەوەی وڵات بە قەرز وەرگرتووە، بەڵام ڕوونی نەکردووەتەوە کە ئاخۆ ئەو قەرزەی لە چ وڵاتێک وەرگرتووە.
سۆران عومەریش باس لە پلانێکی دیکەی حکومەت دەکات بۆ دابەشکردنی مووچە و دەڵێت: حکومەت دەیەوێت بەغدا دوو گوژمە پارە بنێرێت و ئەمان یەک مووچەی پێ بدەن، بەناوی ئەوەی کە داهاتیان کەمە و نرخی نەوت دابەزیوە، چونکە نایانەوێت دەست لە پارەی دزراوی خۆیان بدەن.
هەموو ئەمانەش لەکاتێکدایە، ئێستا هەولێر و بەغدا لە دانووستاندان بۆ ئەوەی لەسەر پرسی بودجە و مووچە بگەنە ڕێککەوتن، کە ئەگەر هەردوولا ڕێکبکەون ئەوا بەغدا مانگانە نزیکەی زیاد لە ترلیۆنێک دینار بۆ هەرێمی کوردستان دەنێرێت.
کەچی بەپێی ڕاپۆرتەکەی درەو میدیا، مەسرور بارزانیی لە كۆبوونەوەی ڕۆژی ٣ی ئەم مانگەدا وتوویەتی: ئەگەر لەگەڵ حكومەتی عێراقیش بگەینە ڕێككەوتن، هێشتا داهاتەكانمان بەشی خەرجی مووچە ناكات، بۆیە ناچارین دەستكاری مووچەی مووچەخۆران بكەین.
دەستکاریکردنی مووچە لە کاتێکدایە، هەزاران مووچەخۆری بندیواریی حزبی هەن، کە مووچەی بەرزیان هەیە و هیچ کار و ئەرکێکیان لەسەر نییە، ئەمەش وێڕای ڕەخنەی هەمیشەی ناوخۆ، حکومەتی عێراقیشی هێناوەتە سەرخەت و چەندین جار داوای لیستی مووچەخۆرانی ڕاستەقینەیان لە هەرێم کردووە و باوەڕیان بەم داتایانەی مووچەخۆرانی هەرێم نییە.
س.ح