وەزارەتی نەوتی عێراق ئاشکرایکرد، مانگی ١١ی ئەمساڵ زیاتر لە ٩٨ ملیۆن بەرمیل نەوتی خاویان هەناردە کردووە و بەبڕی حەوت ملیار و ٦٠٠ ملیۆن دۆلار داهاتی هەبووە.
ئەمڕۆ وەزارەتی نەوتی عێراق لە ڕاگەیەندراوێکدا کۆی هەناردە و داهاتی نەوتی مانگی ١١ی ٢٠٢١ی ئاشکراکرد.
بەپێی ڕاگەیەندراوەکە: بڕی نەوتی خاوی هەناردەکراو لە مانگی ١١ی ڕابردوودا گەیشتە ٩٨ ملیۆن و ١٩٢ هەزار و ٣١٧ بەرمیل، داهاتەکەشی حەوت ملیار و ٦١٠ ملیۆن و ٨٥٠ هەزار دۆلار بووە.
ئەوەش خراوەتەڕوو: تێکڕای نەوتی خاوی هەناردەکراو لە کێڵگەکانی ناوەڕاست و باشووری عێراق لە مانگی ڕابردوودا گەیشتووەتە ٩٥ ملیۆن و ٨٦٠ هەزار و ١٤٩ بەرمیل، هاوکات هەناردەی نەوتی خاو لە کێڵگەکانی کەرکوکەوە بۆ بەندەری جەیهان گەیشتووەتە دوو ملیۆن و ٣٢ هەزار و ٦٨٥ بەرمیل نەوت.
وەزارەتی نەوتی عێراق ڕاشیگەیاندووە: هەر بەرمیلێک نەوتی خاوی هەناردەکراوی عێراق لە مانگی ١١ی ڕابردوو بە ٧٧.٥١٠ دۆلار فرۆشراوە.
ب.ل