کۆمپانیایەکی دیکەی بواری نەوتی ئەمریکا پابەندبوونی خۆی بە بڕیارەكەی دادگای فیدراڵی ڕاگەیاند و لە هەرێمی کوردستان کشایەوە.
بەپێی نووسراوێکی كۆمپانیای (شلمبجیر)ی ئەمریكی، كە ئاراستەی وەزارەتی نەوتی عێراقی کردووە، پابەندبوونی خۆی بە بڕیارەکەی دادگای فیدراڵیی عێراقەوە ڕاگەیاند و لە هەرێمی کوردستان کشایەوە.
كۆمپانیای (شلمبجیر)ی ئەمریكی لە بواری خزمەتگوزاریی نەوتی هەرێمی کوردستاندا كار دەكات و بڕیاریداوە سەرجەم کارەکانی لە هەرێمی کوردستان ڕابگرێت.
پێشتریش كۆمپانیای (بەیكەر هیوز)ی ئەمریكی كە لەبواری خزمەتگوزاری نەوتی هەرێمدا كاری دەكرد، پابەندبوونی خۆی بە بڕیارەکەی دادگای فیدراڵییەوە ڕاگەیاند و لە هەرێمی کوردستان کشایەوە.
ئەوەش لەکاتێکدایە پێشتر لە ٧ی حوزەیرانی ٢٠٢٢ وەزارەتی نەوتی عێراق لیژنەیەكی باڵای پێکهێنا بۆ جێبەجێكردنی بڕیارەكەی دادگای فیدراڵی سەبارەت بە نەوتی هەرێم و داوای لەو کۆمپانیا نەوتییەکان کرد، کارەکانیان لە کێڵگە نەوتییەکانی هەرێمی کوردستان ڕابگرن، چونكە پێچەوانەی بڕیارەكەی دادگای فیدراڵییە.
ب.ل