سەرۆکی کۆمەڵەی کێڵگە پەلەوەرییەکان هۆکاری گرانبوونی نرخی مریشک بۆ بڵاوبوونەوەی نەخۆشی و گرانبونی عەلەف و جوچک و خراپی ڤاکسین دەگهڕێنێتهوه و دەڵێت: دوو ساڵە داوای ڤاكسین لە حكومەت دەكەین و هیچ بە دەمەوە هاتنێكی نییە.
قەیرانە كەڵەكەبووەكانی هەرێمی كوردستان، گرانی نرخی مریشكیشی كەوتە سەر و كیلۆیەك مریشك گەیشتووەتە چوار هەزار و ٢٥٠دینار، ئەمەش نیگەرانیی هاوڵاتیانی بەدوای خۆیدا هێناوه.
نازم عهبدوڵا جاف، سەرۆکی کۆمەڵەی کێڵگە پەلەوەریەکانی سنووری پارێزگای سلێمانی لە ڕاگەیەندراوێکدا ڕوونیکردووەتەوە، نرخی مریشکی زیندوو لەبازاڕەکاندا پەیوەندیی بەبەرهەمهێنانی مریشکەوە هەیە، لەبەرئەوەی هەر لەکڕینی جوچک و دەرمان و عەلەف و گاز و پێداویستیەکانی بەخێوکردن گرانبووە، حکومەتیش هیچ هاوکارێک و بەدەمەوەهاتنێکی بۆ ئەم کەرتە نییە.
دەشڵێت: نەخۆشیی نیوکاسڵ و گەمبۆرۆ و ئایبی، بڵاوبۆتەوە ٧٠٪ی مریشک و جوچکی لەناو هۆڵەکانی بەخێوکردن لەناوبردووە، بەداخەوە بەکارهێنانی ڤاکسین بەهیچ شێوەیەک لە کوردستان کارناکات، ئەو ڤاکسینانەی هەیە لەعێراق و کوردستان خراپن، ماوەی دوو ساڵە ئێمە داوادەکەین لەحکومەت کە ڤاکسین دابین بکات بۆمان، چونکە ئەوە ئەمنی قەومیە، هیچ بازرگانێک ناتوانێت دەستی بۆبەرێت بێجگە لەحکومەت دەتوانێت خوێن بگرێت و لەڕێگەی سەمپڵەوە بیباتە وڵاتێکی ئەوروپی و ڤاکسین دابینبکات پاشان بیفرۆشێتەوە پێمان نەک بەخۆڕایی، بەڵام جێگەی دڵنیایی خاوەن کێڵگەکان بێت.
جاف ئاماژە بەوەشدەکات، “مریشک هێشتا نرخی خۆی دەرناهێنێتەوە و هەر لەزیاندان خاوەن کێڵگەکانیش بەهۆی لەناوچونی مریشک لەهۆڵەکاندا، هەرکیلۆیەک مریشک لەسەر خاوەن پڕۆژەكه سێ هەزار و ٢٥٠ دینار دەکەوێت لەناو هۆڵی بەخێوکردن، وەئەگهر ڕێژەی ٣٠٪ی مریشک بمرێت، ئەوا خاوەن کێڵگە کیلۆی مریشک بدات بەحهوت هەزار دیناریش هەر لەزیاندایەو مایەی خۆی ناگرێتەوە.
س.س