بۆ یەکەمجار لە دوای ٢٤ی شوباتی ساڵی ڕابردوەوە، نەوتی خاو “برێنت” بەرزترین نرخی تۆمار کردو گەیشتە ٥٧ دۆلار.
بەیانی ئەمڕۆ نرخی نەوتی خاو لە بازاڕەکانی جیهان گەیشتە ٥٧ دۆلار، نەوتی تەکساسیش گەیشتە زیاتر لە ٥٣ دۆلار.
ئاژانسی نۆڤۆستی ڕووسی بڵاویکردووەتەوە، بەرزبوونەوەی نرخی نەوت پەیوەستە بە پاڵپشتی بەردەوامی ئۆپێک پڵەس و بڕیارەکانی پەیوەست بە بەرهەمهێنان، لەگەڵ زیادبوونی خواست لەسەری.
هەفتەی ڕابردوو ئۆپێک پڵەس بۆ ماوەی دوو ڕۆژ کۆبوونەوەی لەبارەی بڕی بەرهەمهێنان ئەنجامدا، بەڵام ڕوسیا و کازاخستان لە شوبات و ئازاردا چانسی زیادکردنی بەرهەمیان بۆ ڕەخسێنرا، لەکاتێکدا سعودیە و ژمارەیەک وڵاتی دیکەی بەشدار، بەپێچەوانەوە بڕیاری کەمکردنەوەیان دا.
بەرزبوونەوەی نرخی نەوت لە کاتێکدایە عێراق بۆ پڕکردنەوەی کورتهێنانی بودجە، پەنای بۆ بەرزکردنەوەی دۆلار بەرامبەر دینار بردووە، هەروەها نرخی نەوتی لە بودجەی ٢٠٢١دا بە ٤٢ دۆلار جێگیر کردووە.
ی. ک