سەرۆكی لیژنەی وزە و سامانە سروشتییەكان لە پەرلەمانی هەرێمی كوردستان ڕایدەگەیەنێت، پێویستە هەرێم بەزووترین كات شاندێک بنێرێتە بەغدا و ڕێككەوتنێك بەپێی یاسای قەرزی عێراقی بكات، ئەگەرنا ئەم یاسایە ڕەنگدانەوەی لەسەر بودجەی ساڵی ٢٠٢١ دەبێت و هەرێمیش تووشی قەیرانێكی زۆر قوڵی دارایی دەبێتەوە، ڕاوێژكارێکی ئابوورییش پێیوایە بە جێبەجێكردنی یاسای قەرز، هەولێر و بەغدا زەرەر دەكەن.
لە ١٢ی ئەم مانگە، ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، پڕۆژە یاسای قەرزی پەسەند كرد، بەپێی یاساکەش حکومەتی عێراق هیچ بڕە پارەیەک بۆ هەرێمی کوردستان نانێرێت، تا ئەو کاتەی هەرێم نەوت ڕادەست دەکات، ئەوەش چارەنووسی ئابووریی هەرێمی ئەوەندەی دیکە خستووەتە بەردەم مەترسیی، دەربارەی چۆنیەتی مامەڵەکردنی هەرێم لەگەڵ یاسای قەرز و چارەنووسی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم، پەرلەمانتارانی هەرێمی کوردستان و شارەزایانی ئابووریی بۆ ڕۆژنیوز دووان.
عەلی حمەساڵح، سەرۆكی لیژنەی وزە و سامانە سروشتیەكان و پیشەسازیی و بازرگانیی لە پەرلەمانی هەرێمی كوردستان، ئاماژەی بە ڕەنگدانەوەی ئەو یاسای قەرزەی کرد لەسەر یاسای بودجەی گشتیی عیراق بۆ ساڵی ٢٠٢١ و وتی: ئەگەرچی ئەم یاسای قەرزە بۆ سێ مانگە، بەڵام بە تێگەیشتنی ئێمە بۆ دۆخەكە، هیچ بیانوویەك نەماوە كە هەرێمی كوردستان هیچ بڕە نەوتێك ڕادەستی بەغدا نەكات و ئەوان پارە بنێرن.
ئەوەشی خستەڕوو، باشترین بژاردە ئەوەیە كە شاندی هەرێم بچێتە بەغدا و هەڵسوكەوت لەگەڵ یاسای قەرزبكات، چونكە ئەم یاساییە دوو بابەتی گرنگی تێدایە، یەكێكیان ئەو بڕە نەوتەی دیارینەكردووە كە پێویستە ڕادەستی بەغدا بكرێت، واتە بۆ ڕێککەوتنی جێهێشتووە، خاڵێکی دیکەشی ئەوەیە کە هەرێم لەسەر (٢٥٠) هەزار بەرمیل و نیوە داهاتە فیدڕاڵیەكان كە باجی گومرگەكانە ڕێكبكەوێت، دەشتوانێت پێداگریی لەسەر پشکی بودجە ١٢.٦٪ بکات لە بەغدا، بەوەش بۆ هەر مانگێك هەرێم ٧٥٦ ملیارد دیناری دەستدەکەوێت و قازانجێكی زۆر باش دەكات .
عەلی حەمەساڵح، دووپاتیشیکردەوە، حكومەتی هەرێم، ڕێكکەوتنی ٥٠ ساڵەی لەگەڵ توركیا هەیە و تەنیا لە ساڵی ٢٠١٩ قازانجی كۆمپانیای وزەی توركی ٩٩٤ ملیۆن دۆلار بووە، جگە لەمەش تەنیا لەساڵی ٢٠١٩ سێ ملیار و (٩٠٠) ملیۆن دۆلار خەرجی خزمەتگوزاریی و سكیوریتی بووە، بۆیە ئابووریناسان پێیانوایە عێراق قبوڵی نییە ئەم خەرجیە نەوتیانە بكرێت.

سەبارەت بەوەی ئەگەر حکومەتی هەرێم ڕێكنەكەوێت لەگەڵ بەغدا چی ڕوودەدات؟، سەرۆكی لیژنەی وزە و سامانە سروشتییەكان و پیشەسازیی و بازرگانیی لە پەرلەمانی هەرێمی كوردستان، ڕایگەیاند، بەدڵنیاییەوە بەغدا هیچ بڕە پارەیەك نانێرێت، هەرێمی كوردستان كە نەتوانێت مووچە دابین بكات ئەوە ڕاستەوخۆ داهاتی ناوخۆ كەم دەكات، بۆیە هەرێم تووشی قەیرانێكی زۆر قوڵی دارایی چاوەڕوان نەكراو دەبێتەوە، بەمەش كێشەی سیاسی و كۆمەڵایەتی و ناڕەزایەتی زۆرتردەبێت.
بەپێی زانیارییەکان لەدوو مانگی ڕابردوو بۆ دابینكردنی مووچە، داهاتی نەوتی هەرێم ٢٧٠ ملیارد دینار بووە، داهاتی ناوخۆش ١٢٠ ملیارد بووە، كە دەكاتە ٣٩٠ ملیارد، ئەمەش لەكاتێكدایە هەرێمی كوردستانی پێویستی بە ٩٠٠ ملیار دینارد هەیە تاوەكو مووچە بۆ فەرمانبەران دابین بكات.
هەر لەبارەی یاسای قەرز، د. ئەرشەد تەها، ڕاوێژكاری ئابووریی، ڕاگەیاند، پێش ئەوەی پەرلەمانی عیراق كۆببێتەوە و بڕیاری قەرزكردن بدات، نوێنەرایەتی شاندی حكومەتی هەرێم ڕێككەوتبوون لەسەر ئەوەی ڕۆژانە ٢٥٠ هەزار بەرمیل نەوت ڕادەستی بەغدا بكرێت لەگەڵ نیوەی داهاتە سیادییەكانی هەرێم، بەڵام ئەوە وەكو فشارێكی سیاسی لەلایەن هەندێ لە شیعە و سوننەكان بۆ بانگەشەی پێشوەختەی هەڵبژاردن ئەم یاسای قەرزەیان تێپەڕاند.

وتیشی: پێویستە حكومەتی هەرێم دووبارە شاندێک ڕەوانەی بەغدا بكات و جارێكی دیکە ڕێككەوتن بكەن، لەگەڵ ئەوەش پێویستە بزانن ئەم پێشهاتە چییە دوای ڕێككەوتنەكەی پێشووە هاتۆتە ئاراوە.
ئەو ڕاوێژكارە ئابوورییە، ئەوەشی خستەڕوو کە بەجێبەجێكردنی یاسای قەرز، هەولێر و بەغدا بەیەكەوە زەرەر دەكەن، چونكە هاوسەنگیان بەیەكەوەیە، بەتایبەت بەغدا زۆر داهات لەدەستدەدات بۆ نموونە ٢٥٠هەزار بەرمیلی ڕۆژانە و نیوەی داهاتی هەرێمی كوردستان، کە هەرێم بەڵێنی ناردنی داوە بە بەغدا، بۆیە بە ڕێكنەکەوتن هەموولایەك زیانی پێ دەگات.
بڕیارە شاندێکی حکومەتی هەرێم سەردانی بەغدا بکات بۆ گەیشتن بەڕێککەوتن و چارەسەرکردنی کێشەکان، بەڵام تا ئێستا کاتی سەردانەکە نادیارە.
ک.س