محەمەد حەسەن
وەرزی پێگەیشتینی هەنجیرە لە زۆربەی ناوچەکانی هەرێمی کوردستان، میوەیەکی کەم و بەلەزەت کە لە هەموو شوێنێک سەوز نابێت، بەڵام گوندی مەرگەی سنوری دووکان، بووەتە شوێنێکی لەبار بۆ ئەم بەرهەمە دەگمەنە و ڕۆژانە سەدان سندوق دەخاتە بازاڕەکانی سلێمانی و ڕانیەوە.
گوندی مەرگە، سەر بە شارەدێی بنگردە لە شارۆچکەی دووکان، ۳۳ کیلۆمەتر لە سەنتەری دووکانەوە دوورە، ئەم گوندە دەوڵەمەندە بە باخی هەنجیر و ڕەزی ترێ، ساڵانە لە سەرەتای مانگی ئابەوە هەنجیری سنوورەکان پێدەگات و تا ناوەڕاستی مانگی ئەیلول بەردەوام دەبێت.
سلێمان عەلی، باخەوانە و باخی هەنجیری هەیە، بە هاوکاری ماڵباتەکەی سەرقاڵە بە چنینی هەنجیر کە دەیانکەنە ناو سندوق و بە پیکاب ڕەوانەی بازاڕەکانی ڕانیە و سلێمانی دەکەن.

سلێمان’ی باخەوان، سێ جۆر بەرهەمی هەنجیری هەیە، ئەوانیش زەردە هەنجیر، میرانە و خۆشناوییە، بەوتەی خۆی، جۆری میرانە لە هەموویان باشترە و خواستی زۆری لەسەرە و لە دوو جۆرەکەی دیکە گرانترە کە نرخەکەی دەگاتە دوو هەزار دینار.
ساڵح ئیسماعیل، دانیشتوویەکی دیکەی گوندی مەرگەیە و لە حەفتاکانی تەمەنیدایە، ئەزموونێکی دوورو درێژی هەیە لە خزمەتکردنی باخەکەیدا و توانیویەتی بە لێزانی و شارەزایی خۆی بەرهەمی هەنجیرەکەی ساڵ بە ساڵ زیاد بکات.

مام ساڵح، باس لەوەشدەکات هەر لە دێر زەمانەوە هاوکاریی و هەرەوەزی یەکتریان کردووە لە هەڵپاچینی باخەکانیان تا چنینی بەرهەمی هەنجیرەکانیان کە بەوتەی خۆی ئەرکێکی قورسەو بە هەموو کەس ناکرێت.
وەک تەواوی پیشەکانی دیکە ژنان ڕۆڵیان لە چنینەوە و ئامادەکردن بۆ بازاڕکردنی هەنجیر هەیە، دایە گەلاوێژ عەلی، ڕۆژانە دێتە ناو باخەکەی و ئەرکی جیاکردنەوەی هەنجیرە باش و خراپەکانە لە یەکتر و ئەوانەی بەکەڵکی بازاڕ نەیەن، دایە گەلاوێژ وشکیان دەکات و بۆ زستانیان هەڵدەگرێت.

پسپۆڕانی بواری پزیشکی لێکۆڵینەوەی زۆرییان لەبارەی سودەکانی خواردنی هەنجیر کردووە و بەوتەی عومەر ئەبوبەکر’ی پزیشک، ھەنجیر بەسوودە بۆ قۆڵۆن و کەمکردنەوەی کۆلیسترۆڵی خراپ و کەمکردنەوەی ماندویەتی و چارەسەرکردنی کێشەی کەم خوێنی و چارهسهرکردنی قهبزی بهردهوام، پێشیوایە ڕۆژ بە ڕۆژ خواست لەسەر ئەو میوەیە زیاتر دەبێت، چونکە سەلمێنراوە دەیان سوودی نەزانراوی دیکەی هەیە.

هەنجیر بەرهەمێکی سوودبەخشەو لە ڕووی زانستی پزیشکییەوە بۆ چارەسەری چەندین نەخۆشی پشتڕاستکراوەتەوە و ٣٣ سوودی تەندروستی هەیە و سەرچاوەیەکی باشی بەدەستهێنانی کالسیۆم و ڤیتامینەکانی “ئەی، سی، کەی” و مەگنسیۆم و دەوڵەمەندە بە ریشاڵ.
ک.س