تەنها لە سنووری شارۆچکەی سۆران، ٩١٪ی گەنجان بێکارن، کە ڕێژەیەکی زۆر بەرزە و وەک چاولاکوانی بووارەکە باسی دەکەن، دۆخێکی مەترسیداری لەناو گەنجادا خولقاندووە و حکومەتیش هیچی لەو پێناوەدا نەکردووە.
بێكاری وەك نەخۆشییەكی جیهانی پێناسە دەكرێـت و لە ئێستادا لە هەرێمی کوردستان ڕۆژبەڕۆژ ڕێژەی بێکاری بەرز دەبێتەوە، لەم بارەیەوە گەنجانی شارۆچکەی سۆران لە سنووری پارێزگای هەولێر بۆ ڕۆژنیوز دەدوێن و داوا دەکەن، سوود لە تواناکانیان وەربگیرێت و هەلی کاریان لە کەرتی گشتی و تایبەتدا بۆ بڕەخسێندرێت.
شەهیمە جەوهەر ئەندام لە “ئەنجومەنی گەنجانی سەركردە، لقی سۆران” باسی ڕاپرسییەکی ئەنجومەنەکەیانی کرد، کە ٣٦٠ گەنج بەشدارییان تێداكردووە، ٩١٪ی ئەوانەی وەڵامی پرسیاری ڕاپرسیەكەیان داوەتەوە بێکارن، کە هەموویان دەرچووی زانكۆ و پەیمانگاكانن، دەشڵێت: ئەمەش ئەوە دەردەخات ڕێژەی بێكاری لە ئاستێكی بەرزدایە”.

شەهیمە دەڵێت، بۆیان دەركەوتووە نەبوونی “كەرتی تایبەت و نەبوونی هەماهەنگی لە نێوان كەرتی گشتی و تایبەتدا هۆكارێكی سەرەكییە بۆ زیادبوونی ڕێژەی بێكاریی لە شارۆچکەی سۆراندا”.
ئەگەرچی سۆران شارۆچکەیەکی گەشتیارییە و زەویی بەپیتی بۆ کشتوکاڵ هەیە، بەڵام نەتراوە وەک پێویست بەکاربهێنرێت و ببێتە هۆی سەدان هەلیکار بۆ گەنجانی سنوورەکە.
ڕێباز مەحمود گەنجێكە و کاری نییە و وەک خۆی دەڵێت، بێكاری یەكێكە لە نەخۆشییە كوشندەکان، دەشڵێت: مرۆڤ كە بێكار بوو پەنا بۆ كاری خراپ دەبات و تووشی لێكەوتەی خراپ دەبێت.

ڕێباز وتیشی: گۆڕانكاری لە هەموو سێكتەرەكانی ژیاندا بە توانا و دەستی گەنج دەكرێت، بۆیە گەنجان هەوڵدەدەن كار بدۆزنەوە، بەڵام فرە فەرهەنگی و فرە كەلتوری لە سروشتی ژیانی پێكهاتەكانی سۆران وایكردووە، هەلی كار كەم بێت، چونكە لەیەك تێگەیشتن و هەماهەنگی كردن لە نێوان تاكەكاندا ئاڵۆزە، ئەمەش هۆكارێكە بۆ بەرزبوونەوەی ڕێژەی بێكاریی لە سنوورەکەدا.
هەروەها پەروین مەحمود سەرپەرەشتیاری ئەنجومەنی گەنجانی سەركردە لە هەولێر، باسی لەوەکرد، کە زۆرینەی بێكاران دەرچووی زانكۆ و پەیمانگاكانن، وتیشی: گەنجان تەنها چاویان لە دامەزراندن و بەدەستهێنانی هەلی كارە لە كەرتی گشتی، ئەمەش كارێكی ئەستەمە و حكومەت نەیتوانیوە ئەم خواستەی گەنجان بەدی بهێنێت”.

بەوتەی پەروین، دامەزراندن لە كەرتی گشتی بە تەنها بەس نییە بۆ بەدەستهێنانی هەلی كار، بەڵكو دەبێت گەنجان كار لەسەر توانای خۆیان بكەن و هەوڵی خۆیان بخەنەگەڕ بۆ ئەوەی لە كەرتی تایبەت ڕۆڵێ خۆیان نیشان بدەن، “نابێت گەنجان چاوەڕێی حكومەت بكەن بەڵكو دەبێت خۆیان دەرفەتی كار دروست بكەن”.
وەک دەوترێت نابێت گەنج چاوەڕێی دەسەڵات بێت بۆ هەلی کار، دەشوترێت، پێویستە حکومەت ئەگەر هەلی کاریش دەستەبەر نەکات، دەبێت ئەو گەنجانەی توانای کار و خۆبەڕێوەبردنیان هەیە هاوکارییان بکات و دەرفەتیان بۆ بخولقێنێت.
پەروین محمود نەیشاردەوە، کە بێكاری دۆخێكی مەترسیداری لە ژیانی گەنجاندا خوڵقاندووە، بەڵام “هەوڵدەدەن گەنجان ڕابهێنن لەسەر ئەوەی كە توانای خۆیان بەكاربهێنن و بەدوای كاردا بگەڕێن، تەنانەت داهێنان بكەن و پشت بە توانا و وزەی خۆیان ببەستن”.
لە هەرێمی کوردستان هیچ ئامارێکی ورد بۆ ڕێژەی بێکاریی نییە، بەڵام بەپێی ئامار و لێکۆڵینەوە نافەرمییەکان، ڕێژەی بێکاریی بەردەوام ڕوو لە زیادبوونە و ژنانیش پشکی شێریان بەرکەوتووە لە بێکاریدا.
س.ح