لە شەش ساڵی ڕابردوو هەرێمی کوردستان دووچاری زۆرترین قەیران و ئاریشەی ئابووریی، سیاسیی و کۆمەڵایەتیی هاتووە، ئامارەکان پێمان دەڵێن بێکاریی، داخستنی کارگەکان و هەژاریی لە هەڵکشاندایە، لە ئێستاشدا دینار بەهای خۆی لەدەستداوە بەرامبەر بە دۆلار، پسپۆڕێکی ئابورییش پێیوایە، بەرزبوونەوەی دۆلار هەڵاوسان دروست دەکات و قەیرانەکان دەگەیەنێتە بنبەست.
بە گوێرەی ڕاپۆرت و بەدواداچوونەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان لە سەرەتای ساڵی ٢٠١٣دا، ڕێژەی بێکاریی لە هەرێمی کوردستان ٪٧ بووە، بەڵام لە دوای بڕیاری ئابووری سەربەخۆ لەلایەن حکومەتی هەرێمی کوردستان و قەیرانە یەک لە دوای یەکەکان کە بەرۆکی هەرێمیان گرت، ئەو ڕێژەیە هەڵکشا و لە ئێستادا لە ٪٢٥ و ڕێژەی هەرەزۆریان ژنان و گەنجانن.
هەروەها بەگوێرەی ئامارێکی سەندیکای کرێکارانی هەرێمی کوردستان، کە لە مانگی ٦ی ئەمساڵ بڵاویان کردەوە، لە سەردەمی کۆرۆنادا لە هەرێمی کوردستان، ٢٥ هەزار کارگەی گەورە و بچووک داخراون، بەم هۆیەشەوە زیاتر لە ٢٠٠ هەزار کرێکار و کارمەند بێکاربوون.
لەبارەی ئەم ئامارەوە سەندیکای کرێکارانی کوردستان بە ڕۆژنیوزیان ڕاگەیاند، ژمارەیەکی ورد و دروستیان لەبەردەستتدا نییە، بەڵام بەگوێرەی بەدواداچوونەکانیان ئەو ئامارە ڕوو لە هەڵکشانە و زیادیکردووە، بەتایبەتی لەم ڕۆژانەی دوایی لەدوای دابەزینی بەهای دینار بەرامبەر بە دۆلاری ئەمریکی.
دوو ڕۆژ لەمەوبەر، لە ڕاگەیەندراوێکدا بانکی ناوەندیی عێراق نرخی یەک دۆلاری بە ١٤٧٠ دیناری عێراقیی جێگیرکرد، ئەمە لە کاتێکدابوو کە چەند ڕۆژ پێشتر دەنگۆی بەرزبوونەوەی دۆلار بازاڕی شڵەژاندبوو، بە جۆرێک ڕاستەوخۆ نرخەکان زیادیانکرد و مامەڵەکردن بە دینار بۆ زۆربەی کاڵاکان ڕاگیرا و فرۆشیاران مامەڵەکانیان گۆڕی بۆ دۆلار، هەروەها بە لێشاو خەڵک ڕوویان لە بازاڕەکانی گۆڕینی دراوکرد و دۆلارەکانیان کردەوە بە دینار.
لەبارەی لێکەوتەکانی بەرزبوونەوەی بەهای دۆلار بەرامبەر بە دیناری عێراقی ئارام قادر پسپۆری بواری ئابووریی دەڵێت:”بە بەرزکردنەوەی دۆلار تەنها حکومەتی عێراق قازانج دەکات و خەڵک دەبنە قوربانیی، هەروەها قەیرانەکان قوڵتر دەکات و دەیانگەیەنێتە بنبەست، چونکە زۆربەی مامەڵەکان لە بازاڕدا بە دۆلارن، لە بازاڕدا هەڵاوسان ڕوودەدات و نرخەکان بەرزدەبنەوە، بەهای کرێی کرێکار بەرامبەر بە شتومەک و کاڵاکانی بازاڕ زۆر کەم دەبێتەوە ئەمەش کرێکار بێ ئومێد دەکات لە کار، هەروەها بەشێک لە کارگە و کارخانەکان بە ناچاریی دادەخرێن و ئەمەش دیسان دەبێتە هۆی زیادبوونی بێکاریی.

ئارام قادر، ئاماژەی بەوەشدا:”شیمانەی ئەوەدەکەم کە حکومەتی عێراق بۆ لەمەودوا دەست بۆ ئەم سیاسەتە دەبات تا ساڵانێکی دیکەش، پێدەچیت ئەم گۆڕانکارییەش جێگیربکەن، لە بەرامبەر ئەم سیاسەتەدا لە پێناو ژیان و گوزەرانی خەڵک پێویستە حکومەتی عێراق قەرز بۆ هاوڵاتییان دابین بکات لە بەرامبەر سودێکی کەم، کە ئەمەش وادەکات هاوڵاتییان قەرز ڕاکێشن و پرۆژەی تاکەکەسی پێشبخەن و هەلی کار دروستبکەن و پشت بە خۆیان ببەستن”.
س.ح