ئەندامێكی لیژنەی دارایی پەرلەمان عێراق ئاشكرای كرد، بەپێی ئەو خەمڵاندنانەی بۆ بودجەی ساڵی ٢٠٢٣ كراوە زیاتر لە ٢٠٠ ترلیۆن دینارە، هەموو پارێزگاكانی عێراق هەشت تریلیۆن دیناریان لە بودجەدا ساڵی داهاتوو بەركەوێت.
محەمەد نوری عەزیز، ئەندامی لیژنەی دارایی بە میدیا عێراقییەكانی ڕاگەیاند، هەموو پارێزگاكانی عێراق هەشت تریلۆن دیناریان لە بودجەی ساڵی داهاتوو بەردەكەوێت، بۆ گەشەپێدانی پارێزگاكان بوژاندنەوەیانە، ئەمەش لەدوای ساڵی ٢٠٠٣وە بۆیەكەم جارە پارێزگاكان ئەو بڕە پارەیە وەردەگرن.
ئاماژەی بەوەشكرد، ئەو بڕە پارەیە تەرخان دەكرێت بۆ پڕۆژەكانی بیناسازی و نیشتەجێكردن، شارەوانی و كارە گشتیەكان، كارەبا، پلاندانان، كار و كاروباری كۆمەڵایەتی، بەتایبەتی بۆ بەرژەوەندی هەژاران و بەرنامەی چاودێری كۆمەڵایەتی.
ئەمە لەكاتێدایە، دوای پێكهێنانی حكومەت، سودانی وەزیری دارایی ڕاسپارد بۆ ئامادەكردنی پرۆژە یاسای بودجەی ٢٠٢٣، هەروەها بڕیارە لەهەفتەی داهاتودا پرۆژە یاسەكە بگاتە پەرلەمان بۆ ئەوەی گفتوگۆی لەسەر بكرێت و دەنگی لەسەر بدرێت.
لەماوەی چەند ڕۆژی ڕابردوودا شاندێكی حكومەتی هەرێمی كوردستان سەردانی بەغدای كرد، بۆ گفتوگۆكردن لەسەر پشكی هەرێمی كوردستان لە بودجەی ساڵی ٢٠٢٣دا، لە ئەگەری ڕێككەوتنی نێوان حكومەتی هەرێمی و عێراق لەسەر بودجە ئەوا پارێزگاكانی هەرێمی كوردستانیش بەهەمان شێوە ئەو هەشت تریلۆن دینارە وەردەگرن.
هـ.ئ