ڕۆژنیوز-بەغدا
ڕاوێژكارێكی دارایی سەرۆك وەزیرانی عێراق ئاشكرای دەكات، بەرزكردنەوەی بەهای دۆلار بەرامبەر بە دیناری عێراقی بۆ ماوەی پێنج ساڵە و بەهای دینار بەرامبەر بە دۆلار ناگەڕێتەوە بۆ نرخی پێشووی.
ڕۆژی ١٧ی ئەم مانگە، ژمارەیەک لە ئەندامانی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق داواکارییەکیان پێشكەشكرد بۆ کەمکردنەوەی ڕێژەی ئاڵوگۆڕی دینار لە هەزار و ٤٥٠ بۆ هەزار و ١٨٠ دینار بەرامبەر دۆلارێک.
مەزهەر محەمەد ساڵح، ڕاوێژکاری دارایی، مستەفا کازمی، سەرۆک وەزیرانی عێراق لەو بارەیەوە بە ڕۆژنیوزی وت: ئاڵوگۆڕی دینار بەرامبەر بە دۆلار ناگەڕێتەوە بۆ شێوەی پێشووی، كە هەزار و ١٨٠ دینار بەرامبەر بە دۆلارێك بوو.

ڕاوێژكارەكەی كازمی وتیشی: بەهۆی بەرزبوونەوەی بەهای دۆلار بەرامبەر بە دینار، لە ساڵی ٢٠٢٠ دا بە ڕێژەی٢٣٪ داهات زیادی كرد و بەوەش توانرا كورتهێنانی ساڵی ٢٠٢١ پڕبكرێتەوە.
هەروەها وتیشی: حکومەتی عێراق لە ٢٠٢٠دا پلانێکی پێنج ساڵەی دەست پێکردووە بۆ کەمکردنەوەی دیناری عێراقی بەرامبەر بە دۆلاری ئەمریکی لە جوڵەیەکدا بۆ چارەسەرکردنی ئەو کەموکوڕییە داراییەی، کە لە کاتی خۆیدا لە ئابووریی عێراقدا هاتووە.
س.س