بەگوێرەی ڕاپۆرتێکی ڕێکخراوی ستۆپ، ڕێژەی باج لە هەرێمی کوردستان ٦۲۱٪ زیادیکردووە، هەروەها لە کابینەی مەسرور بارزانیدا ٤٦۰ملیار دینار داهاتی نانەوتیی زیادیکردووە، چاکسازیی جێبەجێ نەکراوە و کاری نایاسایی و قاچاخچێتی بەردەوامە، ڕێکارەکانی کۆکردنەوەی باج توند کراوەتەوە و باج لەسەر هاوڵاتییان زیادکراوە.
ئەمڕۆ لە هۆتێل های کریست لە شاری سلێمانی، ڕێکخراوی ستۆپ گفتوگۆیەکی کراوەی ڕێکخست، بۆ خستنەڕووی ڕاپۆرتی هەڵسەنگاندنی چاکسازی دارایی لە کابینەی نۆیەمدا.
ئاری عەبدوڵا، ئەندامی ڕێکخراوی ستۆپ بەشی یەکەمی ڕاپۆرتەکەی خوێندەوە و تێیداهاتبوو، داهاتی باج لە هەرێمی کوردستان لە ساڵی ۲۰۱۲بڕەکەی ۱۲٨ ملیار دینار بووە، بەڵام لە ساڵی ۲۰۲۱ لە کابینەی نۆیەم ئەو ڕێژەیە زۆر بەرز بووەتەوە بۆ ۷۹٦ ملیار دینار.

بەپێی خەمڵاندنی ئەو داتایانە، داهاتی باج لە هەرێمی کوردستان لە ٪٦۲۱ زیادیکردووە، هەروەها داهاتووی ناوخۆ بەشێوەیەکی بەرچاو زیادیکردووە، لە ساڵی ۲۰۲۱بڕی٤٦۰ملیار دینار داهاتی نانەوتی زیادیکردووە.
ئەوەش هاتبوو تێێدا، زیادکردنی باج و توندکردنەوەی ڕێکارەکانی وەرگرتنی باج، بووەتە هۆی هەڵاوسان و گرانبوونی شتومەک لەبازاڕ و نرخی کاڵا و خزمەتگوزارییەکان بەرزبوونەتەوە، بەهۆی سیاسەتی ئابوری سەربەخۆوە چینی ناوین لە هەرێمی کوردستان نەماوە و بەزەقی دوو چین هەیە، چینێکی هەژار کە زۆرینەیە لەگەڵ چینێکی دەوڵەمەند کە کەمینەی کۆمەڵگەیە.
لەبارەی ئەدای کابینەکەی مەسرور بارزانییەوە تێیدا هاتبوو، بەڵێنەکانی چاکسازیی کابینەی نۆیەم جێبەجێ نەکران، کاری نایاسایی و قاچاخچێتی بەردەوامە، ڕێکارەکانی کۆکردنەوەی باج توند کراوەتەوە و باج لەسەر هاوڵاتییان زیادکراوە، دوو ئیدارەیی هەیە و بەیەک پاکێج مامەڵە لەگەڵ داهاتدا نەکراوە.
دواتر لەلایەن فەرمان ڕەشاد ئەندامی ڕێکخراوی ستۆپ بەشی دووەمی ڕاپۆرتەکە خوێندرایەو ە و تێیدا هاتبوو، خاڵە سنوورییەکان دراوە بە کۆمپانیا تایبەتەکان، گومرک و قەپان و هەموو ڕێکارەکانی تر، ئێستا لە هەرێم ٦٨کۆپانیای ئەهلی سکیورتی هەیە، کە چەندین سێکتەریان پێسپێردراوە، بەتایبەت پاراستنی کێڵگە نەوتییەکان لە کاێکدا دوو لیوای نەوت و گاز هەیە لە هەرێم و ژمارەیان شەش هەزار کەس زیاترە و بۆ پاراستنی کێڵگە و کۆمپانیاکانی کەرتی نەوت دامەزراوە، پرسی لێخۆشبوونی گومرک پێویستی بەڕێکخستنەوە هەیە، بەشێوازی ناڕەوا پێشێلکراوە و جیاکاری و خۆدزینەوە لە باج و ڕسوماتی لێکەوتووەتەوە.

لە کۆتایشدا عومەر گوڵپی، ئەندامی لێژنەی دارایی لە پەرلەمانی هەرێمی کوردستان، قسەیکرد و وتی: لەسەردەمی ئەم کابینەیەدا بابەتی بەشدارییکردنی بەرپرسان لە وەبەرهێنان و کۆمپانیا و پرۆژەی بازرگانی زۆر خراپ زیادبووە، بەجۆرێک کەس ناتوانێت پرۆژەیەک بکات بەبێ ئەوەی شەریکی بەرپرسێک بێت، ئەمە وایکردووە کەرتی کشتوکاڵ و پیشەسازی پشتگوێبخرێت چونکە قازانجی کەمترە، حکومەت ڕێگا.

بە دیوانی چاودێری نادات کە چاودێری و بەدواداچوون بۆ خاڵە گومرکییەکان و سەرچاوەکانی داهات بکرێت.
وتیشی: ئەلف و بێی شەفافییەت لە داهاتی هەرێمی کوردستان بوونی نییە، سیاسەتی ئابووریی سەربەخۆ وایکردووە کە تەنها ٤١٪ی داهاتی نەوت بگەڕیتەوە بۆ حکومەتی و ئەویتر هەمووی بڕوات بۆ کۆمپانیاکانی حزب، حکومەتی هەرێم لەبری ئەوەی کەرتی نەوت بە ناوخۆ بسپێرێت خستوویەتییە دەستی تورکیا و بەم هۆیەشەوە کرێیەکی زۆری لەسەردەکەوێت.
ش.ف