وەزیری بازرگانی و پیشەسازی حکومەتی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، تا ئێستا ٣٣ هەزار ١٤ كۆمپانياى بیانی و ٢٧ هەزار و ٧١٣ كۆمپانياى ناوخۆیی لە وەزارەتەکەمان تۆمارکراون، دەشڵێت: لە ساڵی ٢٠٢١ دا ٩٠٠ کۆمپانیای خۆماڵی و ٢٦ کۆمپانیای بیانی داخراون.
کەمال موسلیم، وەزیری بازرگانی و پیشەسازی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە ماڵپەڕى ژووری بازرگانی سلێمانی ڕاگەیاندووە: ژمارەى کۆمپانیان کە لەوەزارەتەکەمان تۆمارن تاکو ئەمڕۆ گەشتوونەتە ٣٣ هەزار و ١٤ كۆمپانياى بیانی و ٢٧ هەزار و ٧١٣ كۆمپانياى ناوخۆیی.
ئاماژەى بەوەکردووە: لە ساڵی ٢٠٢١دا ٩٠٠ کۆمپانیاى خۆماڵى و ٢٦ کۆمپانیاى بیانی پاکتاویان کردووە یان داخراون، کە ئەو ژمارەش دەکاتە نزیکەی دوو هێندەى داخستن و پاکتاوکردنى کۆمپانیاکان لە ساڵی ٢٠٢٠ دا.
وەزیرى بازرگانی و پیشەسازی لەبارەى ناڕەزایەتییەکانى كەرتی تایبەت بەهۆى زۆریى ڕێژەی باجی دەرامەت، وتوویەتی: بابەتى باج و ڕسومات پەیوەندی بە وەزارەتی داراییەوە هەیە، کە ئەو وەزارەتە لەگەڵ چەند لایەنێکى پەیوەندیدار سیاسەتى دارایی هەرێم جێبەجێ دەکەن.
جێگەى ئاماژەیە، لە ڕۆژى ٧ ى ئەم مانگەدا محهمهد عهتا عهبدوڵا، جێگری سهرۆكی لقى سلێمانى یەکێتی بەڵێندەران ڕایگەیاند، لهکۆی هەزار و ٢٨٠ کۆمپانیای ناوخۆیی لە سنووری سلێمانی، ٨٠٠ تا ٩٠٠ کۆمپانیایان مایەپووچ بوون.
ئ.م