کاوە محەمەد، ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، دەڵێت، هیچ ڕێگەیەکی تر نەماوە بۆ ناردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم، بەبێ ڕادەستکردنی نەوت، پێشیوایە، هەرێمی کوردستان تا ئێستا نایەوێت، نەوت ڕادەست بکات.
لە سەرەتای ئەم هەفتەوە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق گفتوگۆکانی تایبەت بە پرۆژە یاسای بودجەی ٢٠٢١ی عێراقی دەستپێکردووە و تا ئێستا دووجار خوێندنەوە بۆ پرۆژە یاساکە کراوە، لە ئێستاشدا تێبینیی و بۆچوونەکان لەسەر پرۆژە یاساکە لەلایەن لیژنەی داراییەوە کۆدەکرێتەوە.
کاوە محەمەد، ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لە هاوپەیمانیی هیوای کوردستانی بە ڕۆژنیوزی ڕاگەیاند: چاوەڕوان دەکرێت کۆتایی ئەم مانگە پرۆژە یاسای بودجە ئامادەببێت بۆ دەنگدان.
ئاماژەی بەوەشکرد لە پرۆژە یاساکەدا خەرجیی گشتیی عێراق بە ١٦٤ ترلیۆن دینار دیارییکراوە، “ئەوەش کێشەی زۆر لەسەرە و ڕەنگە کەمبکرێتەوە بۆ ١٢٠ تا ١٢٥ ترلیۆن دینار، بەوەش کورتهێنان لە بودجەدا کەم دەکاتەوە”.
لەبارەی پشکی هەرێمی کوردستانیشەوە ئەو پەرلەمانتارە وتی: هیچ ڕێگەیەکی تر نەماوە بۆ ناردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم بەبێ ڕادەستکردنی نەوت، ئەوەشی وایکرد هیچ ڕێگایەک نەمێنێت، ڕادەستنەکردنی نەوت بوو لەلایەن هەرێمەوە.
کاوە محەمەد ئەوەشی نەشاردەوە، کە هەرێمی کوردستان تا ئێستا “نایەوێت نەوت ڕادەستی بەغدا بکات”، ئەمەش بەوتەی ئەو پەرلەمانتارە “کاریگەرییەکی زۆر خراپ لەسەر دۆخی ئابووریی هەرێمی کوردستان دروست دەکات”.
هاوکات باسی لەوەشکرد کە لە پەرلەمان تێبینیی و سەرنجی زۆر لەسەر پرۆژە یاسای بودجە هەیە و ڕەنگە زۆرینەی خاڵەکانی پرۆژەکە دەستکاریی بکرێت، وتیشی: دەستکاریی ئەو قەرزانەش دەکرێت کە عێراق بەنیازە لە دەرەوە بیکات، هەروەها کار بۆ کەمکردنەوە کاریگەرییەکانی دابەزینی بەهای دینار لەسەر خەڵک دەکرێت.
لە پرۆژە یاساكەدا خەرجی گشتیی عێراق بە ١٦٤ ترلیۆن دینار و كورتهێنانی ٧١ ترلیۆن دینار خەمڵێندراوە و نرخی یەك بەرمیل نەوت بە ٤٢ دۆلار و بەهای یەك دۆلاریش بە هەزار و ٤٥٠ دینار دیاری كراوە و پشکی هەرێمی کوردستانیش بە ١٢.٧ دیاری کراوە.
ش.ف