لەپاڵ شکستهێنانی حکومەتی هەرێم لە تەواوی کەرتە خزمەتگوزارییەکاندا، کەرتی تەندروستی گشتیش هەرەسی هێناوە و ڕۆژ بە ڕۆژ نەخۆشخانە حکومییەکان پەراوێز دەخرێن و کارەسات و ڕووداوی نەخوازراو بەرۆکی هاوڵاتیان دەگرێت، لەبری چارەسەریش حکومەت بە بەرنامە ئەم کەرتە هەستیارە ڕادەستی بازرگانەکانی دەرمان دەکات، پەرلەمانتارێکیش دەڵێت: نەخۆشخانە گشتییەکان بوونەتە شێرپەنجە بۆ گیانی هاوڵاتییان.
ڕۆژانە هاوڵاتییان لە هەرێمی کوردستان بەهۆی نەبوونی پێداویستییە پزیشکییەکان و نەبوونی ئامێری پێویست، پزیشکی پسپۆڕ، دەرمان و خراپی نەخۆشخانە گشتییەکان دەبنە قوربانی، حکومەتی هەرێمیش هیچ پلان و بەرنامەیەکی ستراتیژی نییە بۆ چارەسەرکردنی ئەم دۆخە، نەک هەرئەوەندە، بەڵکو کارئاسانی بۆ برەودان بە کەرتی تەندروستی ئەهلی دەکات.

بە گوێرەی بەدواداچوونە مەیدانییەکانی لیژنەی تەندروستی پەرلەمانی هەرێمی کوردستان، بۆ نەخۆشخانە حکومییەکان، کەرتی تەندروستی گشتی (حکومی) لە هەرێمی کوردستان ڕووبەڕووی چەندین کەموکوڕی و گەندەڵی ئاشکرا بووەتەوە، گرفتی سەرەکیش کەمی و خراپی بینای تەندروستییە، بۆ نمونە لە شارۆچکەی ئاکرێ، بۆ ٣٠٠ هەزار هاوڵاتی تەنها یەک نەخۆشخانەی حکومی هەیە، لە سنوری ئیدارەی گەرمیان، بۆ ٦٠٠ هەزار هاوڵاتی یەک نەخۆشخانەی حکومی هەیە، هەروەها لە شارەدێی بازیان مەترسی ڕووخانی بینای نەخۆشخانەکەیان هەیە و داوایان لێکراوە ئەو بینایە چۆڵ بکەن.

بەگوێرەی بەدوادواچوونەکانی ڕۆژنیوز، نەبوونی دەرمان و پێداویستی پزیشکیی گرفتێکی دیکەی ئەم کەرتەیە لەناو زۆربەی نەخۆشخانە گشتییەکاندا، جگە لەوەی کێشەی پزیشکی پسپۆڕ و نەبوونی بەشی چاودێری ورد هەیە لە شار و شارۆچکەکاندا، هاوڵاتییان بۆ زۆربەی ڕووداوە لە ناکاوەکان و نەخۆشییە قورسەکان، ڕەوانەی ناوەندەکانی شار یاخود شارێکی دیکە دەکرێن.
ئەگەر سنووری ئیدارەی گەرمیان بە نموونە وەربگرین، بە گوێرەی پرۆژەی هەڵسەنگاندنی دۆخی تەندروستی گەرمیان کە لەلایەن یەكەی چاودێری خۆجێی گەرمیانەوە ئامادەکراوە، نزیکەی ٦٠٪ی نەخۆشەکانی گەرمیان، ڕەوانەی سلێمانی دەکرێن، ئەویش بەهۆی (کەمی پزیشک و پێداویستی پزیشکی، بینا، نەبوونی پزیشکی نیشتەجێی خولاو و پزیشکی نیشتەجێی دێرین، بوژانەوەی دڵ، چاودێری ورد و نەبەکام)، بەشێکی زۆری ئەو نەخۆشانەش کە حاڵەتەکەیان لە ناکاو بووە، لە ڕێگادا بۆ سلێمانی گیانیان لەدەستداوە.

لە سنوری پارێزگای سلێمانی کە ٢٠ نەخۆشخانەی گشتی و زیاتر لە ١٥ نەخۆشخانەی ئەهلی تێدایە، بەگوێرەی بەدواداچوونەکانی ڕۆژنیوز، هاوشێوەی ناوچەکانی دیکەی هەرێمی کوردستان، هاوڵاتییان بەدەست خراپی کەرتی تەندروستی و گرفتەکانی نەخۆشخانە گشتییەکانەوە گیرۆدەن.
نەخۆشخانەی هیوای حکومی بۆ شیکاری خوێن و شێرپەنجە لە سلێمانی، جگە لە نەخۆشەکانی ناوخۆ تەنها لە ماوەی ساڵی ڕابردوودا، نزیکەی هەزار و ١٠٠ کەس لە پاریزگاکانی دیکەوە بۆ چارەسەر سەردانیان کردووە، لە کاتێکدا بەدەرنییە لە گرفتی کەمی دەرمان، بەوتەی یاد نەقشبەندی، وتەبێژی تەندروستی سلێمانی، نەخۆشخانەکە کێشەی بیناو کەمی دەرمانی هەیە و ژمارەی نەخۆشەکانی سەد بەرامبەری ڕابردوو زیادیانکردووە.

سەرباری هەموو ئەمانەش، لە کاتێکدا هاوڵاتییانی هەرێم چاویان لەدەستی حکومەتی هەرێمی کوردستانە بۆ چارەسەرکردنی گرفتەکان و پێشخستنی کەرتی تەندروستی، بە پێچەوانەوە حکومەت هیچ بەرنامەیەکی ستراتیژی بۆ پێشخستنی کەرتی تەندروستی پێنییە.
لە ٩ی ئەم مانگەدا، بە بڕیاری وەزیری تەندروستی هەرێم، نرخی خزمەتگوزارییەکان لە نەخۆشخانە ئەهلییەکاندا بڵاوکرایەوە کە لە ئاستێکی بەرزدا بەسەر هاوڵاتیاندا سەپێنراون، بەجۆرێک کرێی شەوێک مانەوەی نەخۆش تیایاندا، بەبێ ئۆکسجین و چاودێری چڕ و ئامێری هەناسەدانی دەستکرد، بڕی ٥٠٠هەزار دینارە و بە خزمەتگوزارییشەوە نرخەکەی دەگاتە یەک ملیۆن و ٥٠٠هەزار دینار.
لەم بارەیەوە شنۆ شەهید ئەشقی، ئەندامی لیژنەی تەندروستی پەرلەمانی هەرێمی کوردستان بە ڕۆژنیوزی ڕاگەیاند: نەخۆشخانە گشتییەکان بوونەتە سەرچاوەیەکی دیکەی شێرپەنجە بۆ گیانی هاوڵاتییان، ئێمە تەواوی ئەم گرفت و کەموکورتییانەمان کردووە بە ڕاپۆرت و گەیاندوومانەتە سەرۆکایەتی پەرلەمان و لایەنی پەیوەندیدار کە حکومەت و وەزارەتی تەندروستییە بەڵام هیچ وەڵامێکیان نەبووە بۆ چارەسەرکردنی ئەو گرفتانە و بێباکن.

ئەو پەرلەمانتارە ئاماژەی بەوەشدا: دەرمان بەشێوازێکی نایاسایی دەگوازرێتەوە و بە شێوازێکی نا زانستی بەکاردەهێنرێت، لە کابینەی پێشووەوە چەندین جار حکومەت بەڵێنی بە ڕێکخستنکردنی بەکارهێنان و ئاڵوگۆڕکردنی دەرمانی داوە بەڵام تاکو ئێستا هیچ هەنگاوێکی جدییان بۆ نەناوە.
شنۆ ئەشقی، ئەوەشی خستەڕوو: ئێمە ئەو پرسیارەمان ئاراستەی سەرۆکایەتی پەرلەمان و وەزارەتی تەندروستی و حکومەتی هەرێمیش کردووە، بۆچی ئەو گرنگییەی کە بە نەخۆشخانە تایبەتەکان دەدرێت بە نەخۆشخانە گشتییەکان نادرێت، دەبینین ڕۆژانە هاوڵاتییان بەهۆی نەبوونی دەرمان و گرفتی دکتۆر و خراپی نەخۆشخانەکان گیانلەدەسدەدەن، دەبێت ئەمە ببێتە خاڵێکی وەرچەرخان و حکومەتی هەرێم بەرنامەی هەبێت و ئەو گرفتانە چارەسەر بکات.
لە کۆتایشدا ئەو پەرلەمانتارە ئاماژەی بەوەدا: پێویستە کەرتی تایبەت تەواوکاری کەرتی گشتی بێت نەوەک نەخۆشخانە ئەهلییەکان بکرێنە جێگرەوەی نەخۆشخانە گشتییەکان، ناکرێت نەخۆشخانەی تایبەت بخرێتە خزمەتی کەسانی دەوڵەمەند و دەسەڵاتدار و هەژارەکانیش لە نەخۆشخانە گشتییەکاندا لەبەر نەبوونی دەرمان و پێداویستییە پزیشکییەکان و دکتۆری پسپۆڕ ڕۆژانە ببینین گیان لەدەست بدەن، ڕاستەوخۆ ئەمەمان بە وەزارەتی تەندروستیی وتووە و پێمان وتوون نابێت بازرگانی بە گیانی خەڵک و بە کەرتی تەندروستییەوە بکرێت چیتر.
نەخۆشخانەی هیواک.س