لە ئەنجامی ئابڕووچوونێکی چەند ساڵەوە، حکومەتی هۆڵەندا دەستلەکارکێشانەوەی پێشکەش کرد، ئەوەش پێش چەند هەفتەیەک دێت لە هەڵبژاردنە پەرلەمانیەکەی ئەو وڵاتە.
مارک ڕوتە، سەرۆک وەزیرانی هۆڵەندا دەستلەکارکێشانەوەی حکومەتەکەی ڕاگەیاند لەسەر ئابڕوچوونێکی بەربڵاو کە هەزاران خێزان تێیدا بە هەڵە تۆمەتبار کرابوون بە ئەنجامدانی ساختەکاری لە وەرگرتنی هاوکاری کۆمەڵایەتی.
کەمتر لە دوو مانگی ماوە بۆ ئەنجامدانی هەلبژاردنی پەرلەمانی لە هۆڵەندا، لەو سەروبەندەشدا حکومەت دەستلەکارکێشانەوەی پێشکەشکرد، بەهۆی ئەوەی هەزاران خێزان بە هەڵە تۆمەتبار کرابوون بە وەرگرتنی هاوکاری کۆمەڵایەتی بە شیوەی ساختەکاری و نەدانی باج و دواتر ناچار کرابوون هاوکارییەکە بگەڕێننەوە، لە کاتێکدا بارودۆخی دارایی هەندێکیان لە مەترسیدا بووە، هەروەها هەندێكیشیان لەسەر بنەمای دوو نەتەوەیی، ڕووبەڕووی جیاکاری ئەتنی بوونەتەوە.
چوار حزبی ڕاستڕەو و سەنترال دەسەڵاتدار پێشتر بۆ تاوتوێکردنی دەستلەکارکێشانەوەی شیاو کۆبوونەوە، هاوکات مارک ڕوتە سەرۆک وەزیرانیش کە لە ساڵی ٢٠١٠وە لەو پۆستەدا ماوەتە، ڕایگەیاندبوو کە بۆ خوولی چوارەم خۆی کاندید دەکاتەوە.
بەپێی ڕاپۆرتێکی پەرلەمانی کە لە کۆتایی ساڵی ٢٠٢٠ بڵاوکرایەوە، دەرکەوت کە بەرپرسانی ئەو وڵاتە کۆتاییان بە هاوکاری دارایی هەزاران خیزان هێناوە کە لەنێوان ساڵی ٢٠١٣ بۆ ٢٠١٩ تۆمەتباریان کردبوون بە ساختەکاری لە وەرگرتنی هاوکاری کۆمەڵایەتی و دواتریش ناچاریان کردوون هەموو هاوکارییە بگەڕێننەوە بە چەند ساڵیک، کە پارەی هەندێکیان گەیشتووەتە هەزاران یۆرۆ.
لەو سەروبەندەشدا ژمارەیەک لە سەرکردە سیاسیەکان چەند وەزارەتێکیان تۆمەتبار کردبوو بەوەی کە ئەرکەکانیان بە باشی بەجێ نەگەیاندووە و ئاگاداری کاروبارەکانیان نەبوون، ئەوەش لە کاتێکدایە هەڵبژاردنی پەرلەمانی هۆڵەندا لە مانگی ئازاری ئەمساڵدا بەڕێوەدەچێت.
ی. ک