ئارام بەهۆی پێنەدانی مافی ژیان خۆی خنکاند

پەنابەرێکی کورد بە ناوی ئارام عەلی، لە هۆستڵی بێرمینگهام لە وڵاتی بەریتانیا خۆی خنکاند، ئەوەش بەهۆی ئەو هەموو فشارەی لەسەری بوو، کە بەهۆی پێنەدانی مافی ژیانەوە لەسەری دروست بووبوو.


شەوی ڕابردوو، گەنجێکی کوردی خەڵکی شاری سلێمانی لە بەریتانیا کۆتایی بە ژیانی خۆی هێنا.

ئارام عەلی پەنجەمۆری وڵاتانی فینلەندا و ئیتاڵیای هەبوو، پێشتریش جارێک ناردویانەتەوە بۆ ئیتاڵیا و دووبارە گەڕاوەتەوە بەریتانیا، بەڵام دیسان فەرمانگەی کۆچی بەریتانیا قبوڵیان نەکردووە مافی پەنابەرێتی پێببەخشن و مەترسی دووبارە دیپۆرتکردنەوەی لەسەر بووە.

ئارام پاش بێ ئومێدی لە ژیان و ئەو ھەموو فشارە دەروونی و چەرمەسەریەی ڕێگای قاچاغ و بێباکی وڵاتێکی ئەوروپی لە پێدانی مافی ژیان و مانەوە، دوێنێ شەو کۆتایی بە ژیانی خۆی هێنا.

بەھۆی ژیانی نالەبار و خراپیی گوزەران و نا سەقامگیری سیاسی و ئابووری لە هەرێمی کوردستان و نەبوونی ماف و ئازادییەکان، ھەزارەھا کەس ڕوویان لە وڵاتانی دەرەوە کردووە و ھەندێ جاریش توشی مەترسی خنکان لە ڕێگای دەریاکان و نێوان سنوری وڵاتەکان و نەبوونی مافی مانەوە بووونەتەوە.


ک.ک