ئاستی هۆشداری بەرزکرایەوە، باڵیۆزخانەکانی ئیسرائیل داخران

دوابەدوای تۆمەتبارکردنی ئیسرائیل و ئەمریکا لەلایەن ڕێبەری ئێرانەوە بۆ دەستێوەردان لە دۆخی عێراق و لۆبنان، ئیسرائیل ئاستی هۆشداریی لە باڵیۆزخانەکانی وڵاتەکەی لە ناوچەکە بەرزکردەوە، هاوکات بەهۆی ناڕەزایەتی دەربڕینی کارمەندانەوە، سەرجەم باڵیۆزخانەکانی ئیسرائیل لە جیهان داخران.


ناڕەزایەتی و خۆپێشاندانەکانی عێراق و لوبنان جگە لە حکومەتەکانیان ڕوو لە ئێرانە و داوا دەکەن هەژموونی و دەستێوەردانی ئێران لە وڵاتەکەیان ببڕدرێتەوە، کاربەدەستانی ئێرانیش ئەمریکا و ئیسرائیل بەوە تۆمەتبار دەکەن کە خۆپیشاندەرانیان دژی ئێران هانداوە.

بە گوێرەی ڕاگەیاندنەکانی ئیسرائیل، بەهۆی مەترسی هێرشی ئێران و لایەنگرانی بۆسەر ناوەندە دیپلۆماتییەکانی ئەو وڵاتە، ئەوەش دوای ئەوەی عەلی خامنەیی ڕێبەری ئێران، بە تایبەت ئیسرائیل و ئەمریکای بە هاندانی خۆپیشاندەرانی عێراق و لوبنان دژی ئێران تۆمەتبار کرد، ئاستی هۆشداری لە باڵیۆزخانەکانی ئیسرائیل لە ناوچەکە بەرزکرانەوە.  

لەلایەکی دیکەشەوە کارمەندانی سەرجەم باڵیۆزخانەکانی ئیسرائیل لە جیهان، مانگرتنیان ڕاگەیاند و هەموو باڵیۆزخانەکان داخران، هۆکاری ئەو مانگرتنە و داخستنی باڵیۆزخانەکان دەگەڕێتەوە بۆ نارەزایەتی کارمەندان لەدژی بڕیاری وەزارەتی دارایی ئیسرائیل بۆ بەرزکردنەوەی باج.

ک.س