ئامنستی ئینتەرناشناڵ پەخشی دانپێدانانی دوو زیندانی کوردی شەرمەزارکرد

ڕێکخراوی ئامنستی ئینتەرناشناڵ، پەخشی دانپێدانانی دوو زیندانی سیاسی کورد-ی بەناوەکانی هۆشمەند عەلیپوور و محەمەد ئوستاد قادری شەرمەزارکرد.


ڕۆژی ٣ی ئابی ئەمساڵ هۆشمەند عەلیپوور و محەمەد ئوستادقادر لەلایەن هێزەکانی حکومەتی ئێرانەوە دەستگیرکراون و ڕۆژی ٧ی ئاب دانپێدانانەکانیان لە تەلەفزیۆنی فەرمیی ئێرانەوە پەخش کراوە..

ئەو دوو زیندانییە بێبەشکراون لەوەی پارێزەریان بۆ بگیرێت و دەوترێت کە لە ژێر ئەشکەنجەی قورسدا بوون.

لە ڕاگەیەندراوی ئامنستی ئینتەرناشنال دا هاتووە: هۆشمەند عەلیپوڕ ڕۆژی ١ی ئەیلول توانیویەتی پەیوەندی تەلەفۆنی بە خانەوادەکەیەوە بکات، وتوویەتی، کە سەرەتا خۆی و پاشان محەمەد ئوستادقادر گوازراونەتەوە بۆ زیندانی ناوەندی شاری بانەی سەربە سنە، لەوێ بۆ وەرگرتنی دانپێدانان ئەشکەنجە دراون.

ئامنستی ئاماژەی بەوەشداوە: ناوبراو، هەروەها بە خانەوادەکەی وتووە: بۆ ئەوەی چیتر ئەشکەنجەمان نەدەن دانمان بە شتی دیکەشدا ناوە، بێبەشکراوین لەوەی پارێزەرمان هەبێت و ماوەیەکە گوازراوینەتەوە بۆ زیندانی سنە.

ئامنستی ئینتەرناشنال، پەخشکردنی ئەو دانپێدانانە زۆرەملییانەی لە تەلەفزیۆنی ئێراندا شەرمەزارکردووە و بە پێشێلکردنی مافی زیندانییەکانی زانیوە.

ش.ف