ئانتۆنیۆ گۆترێس: ڕاگەیەندراوەکەی ناتانیاهۆ پێشلکاریی یاسای نێودەوڵەتییە

ڕاگەیەندراوێکی ناتانیاهۆ لەسەر لکاندنی بەشێک لە خاکی داگیرکراوی فەلەستین بۆسەر ئیسرائیل کاردانەوەی لێکەوتەوە و نەتەوە یەکگرتووەکان بە پێشلکردنی یاسا نێودەوڵەتییەکانی دەزانێت.


دوێنێ ئانتۆنیۆ گۆترێس، سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان، نیگەرانی خۆی لە ڕاگەیەوندراوەکەی بنیامین ناتانیاهۆ سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل ڕاگەیاند و وتی: ئەم کردەوەیە دەرەوەی یاسایە و ئەگەری گەیشتن بە ئاشتیی لە ناوچەکە لاواز دەکات.

گۆترێس وتوویەتی:"ئەم کردەوانە ئەگەر جێبەجێی بکرێت، دەبێتە پێشلکاریی یەکجاری یاسای نێودەوڵەتیی و گرتنەبەری وەها سیاسەتێک، کاریگەریی وێرانکەر لەسەر ئارامیی ناوچەکە دادەنێت".

بنیامین ناتانیاهۆ ڕۆژی سێشەممەی ڕابردوو لە ڕاگەیەندراوێکدا هەڕەشەی کردبوو کە، "ئەگەر لە هەڵبژاردنەکانی ١٧ی ئەیلول هەڵبژێردرێتەوە، دەربەندی ڕووباری ئەردەن دەلکێنێت بە ئیسرائیلەوە".

لە چوارچێوەی کاردانەوەکاندا، ڕێکخراوی هاوکاریی ئیسلامی بە شەرمەزارکردنی وتەکانی ناتانیاهۆ ڕایگەیاندووە: ڕۆژی ١٥ ئەم مانگە لە جەددەی سعودیە کۆدەبێتەوە تا ڕاگەیەندراوەکەی ناتانیاهۆ تاووتوێ بکات.

هەروەها ئەنجومەنی هاوکاریی کەنداو، وتەکانی ناهتانیاهۆی بە دووژمنکارانە و گێرەشێوێنی ناوزەد کرد و بە توندیی شەرمەزاری کرد، داواشی لە نەتەوە یەکگرتووەکان کرد کە هەڵویستێکی توند لە بەرامبەر ئیسرائیل بۆ پارێزگاری لەفڵەستین وەرگرێت.

ش.ف