ئاژانسێکی ئەمەریکی: لێکۆڵینەوە لە بارەی پەیوەندی نێوان داعش و تورکیا دەکرێت

ئاژانسێکی ئەمەریکی ئاشکرایدەکات، لەسەر ئەو بەڵگانەی لە شوێنی کوشتنی بەغدادی دەست ئەمەریکییەکان کەوتوون لێکۆڵینەوە لە بارەی پەیوەندییەکانی نێوان چەتەکانی داعش و دەوڵەتی تورک دەکرێت.


ئاژانسی بلۆمبێرگی ئەمەریکی لە ڕاپۆتێکدا باسی ئاشکرابوونی بەڵگەی زیاتری پەیوەندیەکانی نێوان چەتەکانی داعش و دەوڵەتی تورک دەکات.

ئاژانسەکە لەسەر زاری شرۆڤەکارانی هەواڵگری ئەمەریکی ڕایگەیاندووە کە لە ئێستادا واشنتۆن دەستیکردووە بە لێکۆڵینەوە لەو بەڵگە ئەلەکترۆنی و کاغەزیانەی کە هەفتەی ڕابردوو لەشوێنی کوشتنی ئەبوبەکر بەغدادی سەرچەتەی داعش دەستیان بەسەرداگرتووە.

لەو چوارچێوەیەدا هەواڵگرە ئەمەریکیەکان پرسیارێکی جەوهەری وەها دەکەن، چۆن سەرچەتەی داعش لە پارێزگایەکی سووری ژێر کۆنتڕۆڵی سوپای تورکدا بووە؟

هەروەها ئاژانسەکە لە سێ بەرپرسی ئاسایشی نەتەوەیی ئەمەریکاوە گواستویەتیەوە کە دەیانەوێت بزانن چۆن ئەبوبەکر بەغدادی لە هەرێمێکی زۆر نزیکی سنووری تورکیا خۆی حەشارداوە، دەستنیشانیشی دەکات کە ئەرکی سەرەکی هەواڵگری ئەمەریکا لەئێستادا لێکۆڵینەوەیە لە پەیوەندیەکانی نێوان میتی تورک و داعش.

لەم نێوەندەدا بەڵگەکانی پەیوەندی دەوڵەتی تورکیا لەگەڵ داعش و بەتایبەتی لەگەڵ ئەبوبەکر بەغدادی ئەبوحەسەن موهاجیر کە لە هەرێمەکانی ژێر داگیرکاریی تورکیا لە سوریا کوژراون زیاتر دەبێت.

لەڕاپۆرتی ئاژانسەکەدا هاتووە کە لەسەرەتای دەستپێکردنی ئاڵۆزییەکانی سوریا، دەزگای هەواڵگری تورکیا میت ڕێگەی بۆ چەکدارانی بیانی لە ئەوروپا و ئەفریقا و جیهان کردەوە کە لە سنوری تورکیاوە بچنە سوریا و هاوکاری ئەو جیهادیستانەشی کرد کە دژ بە حکومەتی سوری شەڕ دەکەن.

ئاژانسی بلومبێرگ ئەوەش ئاشکرا دەکات کە بەپێی زانیارییەکانی وەزارەتی خەزێنەی ئەمەریکا، لەم دواییانەدا بەرپرسی دارایی داعش لە تورکیاوە چووەتە عێراق.

ساڵانێکە سەرچاوە کوردییەکان باس لە پەیوەندی نێوان دەوڵەتەکەی ئەردۆغان و چەتەکانی داعش دەکەن و بەڵگەی زۆریان لەوبارەیەوە بڵاوکردوەتەوە، بەڵام جیهان چاوی لەو پەیوەندییە مەترسیدارە داخستبوو، لە ئێستادا کۆمەڵگای نێودەوڵەتی گەیشتووەتە ئەو بڕوایەی کە ئیدی دەبێت ئەو دۆسیانە هەڵبدرێنەوە.

ک.س