ئاڵۆزییەکانی نێوان ئێران و ئەمریکا قووڵتر دەبنەوە

سەرەڕای هەوڵەکانی سەرۆک کۆماری فەرەنسا بۆ هێورکردنەوەی گرژییەکانی نێوان ئێران و ئەمریکا، بە پێچەوانەوە ئاڵۆزییەکانی نێوان ئەو دوو وڵاتە قووڵتر دەبنەوە و هەڕەشەی زیاتر لەیەکتر دەکەن.


لەگەڵ ئەوەی ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆک کۆماری فەرەنسا، بۆ هێورکردنەوەی گرژییەکانی نێوان ئێران و ئەمریکا پێشنیارێکی ئامادەکرد و خستیە بەردەم هەردوو وڵات، بەڵام بە پێچەوانەی چاوەڕوانییەکانەوە گرژییەکانی نێوان ئەو دوو وڵاتە ڕوو لە زیادبوونە.

پێشتر حەسەن ڕۆحانی، سەرۆک کۆماری ئێران، لە مەراسیمێکدا لە وڵاتەکەی، ئامادەیی خۆی بۆ دانوستان لەگەڵ ئەمریکا ڕاگەیاند، بەڵام ئێستا و دوای تێپەڕبوونی چەند ڕۆژێک بەسەر ئەو لێدوانە پێچەوانەی ئەو هەواڵانەی باسیان لە ڕێککەوتنێکی نوێ دەکرد، هەردوولا هەڕەشە لەیەکتر دەکەن و وەک دەردەکەوێت ئاڵۆزییەکانی نێوانیان قووڵتر بووەتەوە.

لەو چوارچێوەیەدا دوێنێ دۆناڵد ترامپ سەرۆکی ئەمریکا، لابردنی گەمارۆکانی سەر ئێرانی وەک پێش مەرجێک بۆ دانوستان ڕەتکردەوەوە و بە ئەستەمی زانیی، هەروەها وەزارەتی خەزێنەی ئەمریکاش گەمارۆی نوێی خستەسەر چەند کەس و کۆمپانیایەکی دیکەی ئێرانیی و گرێدراوی سوپای پاسدارانی ئێران.

لە بەرامبەریشدا شەوی ڕابردوو حەسەن ڕۆحانی ڕایگەیاند کە ڕێککەوتن لەگەڵ ئەوروپییەکان لەوانەیە بەم زوانە نەکرێت، بۆیە ئێمە هەنگاوی سێیەممان بۆ کەمکردنەوەی بەڵێنەکانمان لە ڕێککەوتنی ئەتۆمی ناسراو بە "بەرجام" ڕادەگەینین، کە گرنگترین هەنگاوی ئێمەیە، لەو چوارچێوەیەشدا، فەرمانی داوەتە ڕێکخراوی وزەی ئەتۆمی وڵاتەکەی کە لە ڕۆژی هەینییەوە هەنگاوی سێیەمیان دەستپێبکەن.

جێگای ئاماژەیە لە ماوەی ڕابردوو سەرۆک کۆماری فەرەنسا هەوڵیدابوو، بە دەستپێشخەرییەک، ئێران لە هەنگاونانی سێیەمی پاشگەز بکاتەوە و ئەمریکا ڕازی بکات گەمارۆکانی سەر ئێران کەمبکاتەوە.

ک.س