"ئه‌مریكا ئاماده‌كاریی‌ بۆ ناردنی‌١٢٠ هه‌زار سه‌رباز بۆ ڕۆژهه‌ڵاتی‌ ناوه‌ڕاست ده‌كات"

ڕۆژنامەی نیۆرک تایمزی‌ ئه‌مریكیی‌ ئاشكرایكرد، ئه‌مریكا ئاماده‌كاریی‌ ده‌كات بۆ ئه‌وه‌ی‌ 120 هه‌زار سه‌رباز ڕه‌وانه‌ی‌ ڕۆژهه‌ڵاتی‌ ناوه‌ڕاست بكات تا وه‌ڵامی‌ هه‌ر هه‌ڕه‌شه‌یه‌كی‌ ئێران بداته‌وه‌.


ئه‌مڕۆ  رۆژنامه‌ی‌ 'نیویۆرك تایمز'ی‌ ئه‌مریكیی‌ بڵاویکردەوە، كه‌ وه‌زاره‌تی‌ به‌رگریی‌ ئه‌مریكا-پنتاگۆن، پلانێكی‌ سه‌ربازی‌ پێشكه‌وتووی‌ ئاماده‌كردووه‌ بۆ ئه‌وه‌ی‌ ١٢٠ هه‌زار سه‌رباز ڕه‌وانه‌ی‌ ڕۆژهه‌ڵاتی‌ ناوه‌ڕاست بكات، ئەگه‌ر ئێران هێرشی‌ كرده‌سه‌ر هێزه‌كانی‌ ئه‌مریكا یاخود ده‌ستی‌ به‌ به‌رهه‌مهێنانی‌ چه‌كی‌ ئه‌تۆمی‌ كرده‌وه‌.

ڕۆژنامه‌كه‌ له‌ زاری‌ دوو به‌رپرسی‌ كۆشكی‌ سپی‌-یه‌وه‌ كه‌ ناوه‌كانی‌ ئاشكرا نه‌كردوون، ده‌ڵێت:"ڕۆژی‌ پێنج شه‌ممه‌ی‌ رابردوو پاتریك شاناهان وه‌زیری‌ به‌رگریی‌ ئه‌مریكا به‌وه‌كاله‌ت له‌ میانی‌ كۆبوونه‌وه‌ی‌ گه‌وره‌ڕاوێژكارانی‌ ئه‌منیی‌، دۆناڵد ترامپ سه‌رۆكی‌ ئه‌مریكا ئه‌و پلانه‌ی‌ خستووه‌ته‌ڕوو".

ئاماژەشی بەوە کردووە، کە ئه‌و پلانه‌ له‌سه‌ر داوای‌ جۆن بۆڵتن، ڕاوێژكاری‌ كاروباری‌ ئاسایشی‌ نه‌ته‌وه‌یی ئه‌مریكا دانراوه‌.

هەر بەپێی نیویۆرك تایمز، ئه‌م سیناریۆیه‌ چوونه‌ ناو خاكی‌ ئێران له‌ڕێی‌ زه‌مینییه‌وه‌ ناگرێته‌وه‌، چونكه‌ ئه‌و كاره‌ پێویستی‌ به‌ ژماره‌یه‌كی‌ زیاتر سه‌رباز هه‌یه‌.

ش.ف