ئۆجالان: بۆ ئەوەی یەکێتی کورد پێکبێت فیداکاریی پێویستە

لەدواین دیداریدا لەگەڵ براکەی، عەبدوڵا ئۆجالان، ڕێبەری پەکەکە، جەخت لەسەر چارەسەری ئاشتیانەی کێشەکان دەکاتەوە و دەڵێت: چارەسەری لە ئاشتی دایە، کێشەکە بە ڕشتنی خوێنی مرۆڤەکان چارەسەر ناکرێت، ئێمە هەمیشە بۆ ئاشتی ئامادەین، هەروەها بە پەرلەمانتارەکانی هەدەپە دەڵێت پێویستە هەمیشە خزمەتی خەڵک بکەن، من ئەگەر لەدەرەوە بوومایە کۆڵانەکانم پاک دەکردەوە، هەروەها داوای یەکێتی کوردان دەکات و دەڵێت: بۆ ئەوەی یەکێتی کورد پێکبێت فیداکاریی پێویستە


محەمەد ئۆجالان برای عەبدوڵا ئۆجالان ڕێبەری پەکەکە، کە ١٢ی ئەم مانگە بەبۆنەی جەژنی قوربان لە زیندانی دورگەی ئیمرالی چاوی بە براکەی کەوت، لەگەڵ ئاژانسی مەزۆپتامیا قسەیکردووە و باسی ناوەڕۆکی ئەو دیدارەی کردووە.

محەمەد ئۆجالان کە لە ساڵی ٢٠١٦ـەوە تەنیا سێ جار چاوی بە براکەی کەوتووە، ڕایگەیاند: مافی چاوپێکەوتن ڕاگیراوە، دوای چالاکییەکانی مانگرتن، دان بە هەندێک لە مافەکان دانرا، ساڵی ٢٠١٩ لەبیر ناکرێت، هەزاران زیندانی بۆ کۆتایی هێنان بە گۆشەگیری مانیان لە خواردن گرت و ٩ کەس گیانیان لەدەستدا.

لەسەر چوونی بۆ زیندانی ئیمرالی دەڵێت: دوو شوێنی پشکنینمان تێپەڕاند، ئەو پشکنینانەی کران قبوڵکراو نین، ئازارمان پێگەیشت، چاوپێکەوتن مافی یاسایی ئێمەیە، تەمەنم ٦٨ ساڵە، ٢٠ ساڵە ئەو ڕێگایە دێم و دەچم، باش من دەناسن، ئەو پشکنینانە زۆر خراپ بوون.

محەمەد ئۆجالان وەها باسی چاوپێکەوتنەکەی دەکات: لە هەموو دیدارێکدا چاوم لە دەرگاکەیە، ئەمجارە وتیان سەیری دەرگاکە مەکە، کاتێک سەرۆک هات گەڕامەوە، چوومە لای و تەوقەمان کرد، بە منی وت: "چاوەڕێتان نەبووم"، وەک ئەوەی بە ڕێکەوت یەکمان بینی بێت، وتم: پارێزەران وتوویانە دەتوانن ڕۆژی دووەمی جەژن بچنە ئیمرالی، ئۆجالان پرسیاری ڕۆژەڤەکانی وڵاتی کرد، منیش وتم: سێ ڕۆژەڤ هەیە، تەوەری سەرەکی باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریایە، تەوەری دووەم ئۆپەراسیۆنی پەنجەیە، سێیەمیش کێشەی ڕێکخراوەکانە، فشار دەخرێتە سەر گەل، خەڵک لە تەندروستیت دەپرسن، ئەویش وتی: "ئەوە دەمبینی".

محەمەد ئۆجالان دەڵێت، کە عبدوڵا ئۆجالان لەسەر باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا وتوویەتی: "ئەمە بە شەڕ ناکرێت، ئەمە هەم زیان دەگەینێتە تورکیا و هەمیش گەلانێک کە لەوێ دەژین، پێویستە ئاشتی پێشبخرێت، ئەگەر تورکیا بچێتە ناو سوریاوە، ئەمەش نابێتە چارەسەر، ڕاستی ئەوەیە کە شەڕ بۆ گەلان شتێکی باش نییە، من ٢٠ ساڵ لە سوریا ماوم، گەلەکەی باش دەناسم، عەشیرەتە عەرەبەکان باش دەناسم، پەیوەندیم لەگەڵیاندا هەبوو، سڵاوم بگەیننە عەشیرەتە عەرەبەکان و گەلانی ئەوێ، کێشەکان پێویستە بە دیموکراسی چارەسەر بکرێت، کێشەکان هیچکات بە شەڕ چارەسەر ناکرێت".

محەمەد ئۆجالان هەروەها وتی: ئۆجالان سەرنجی ڕاکێشاوەتە سەر چارەسەری کێشەی کورد و وتوویەتی: "بۆ چارەسەری کێشەی کورد ئێمە ڕۆڵ و ئەرکی خۆمان پێکدێنن، ئۆپەراسیۆنی پەنجە بە واتەی شەڕە، ئەم کێشەیە بە ڕشتنی خوێنی مرۆڤەکان چارەسەر نابێت، ئێمە هەمیشە بۆ ئاشتی ئامادەین، ئێمە هەمیشە دژی شەڕین، پێویستە لە جێی شەڕ ئاشتی بێت".

محەمەد ئۆجالان هەروەها ئاماژە بەوە دەکات، کە عەبدوڵا ئۆجالان لەسەر یەکێتی گەلی کورد کە زۆر گرنگیی پێدەدات وتوویەتی: "تورکیا بەبێ هاوکاری هەرێمی کوردستان سەرکەوتوو نابێت، بەبێ هەرێمی کوردستان جوڵەی زەحمەت دەبێت، ئەم کارە گورز لە یەکێتی گەلی کورد دەوەشێنێت، پێویستە هەر کەسێک بۆ یەکێتی گەلی کورد لەناو کار و خەبات بێت".

عەبدوڵا ئۆجالان، لەو دیدارەدا لە ڕێگەی محەمەد ئۆجالانەوە پەیامێکی بۆ هەدەپە ناردووە و وتوویەتی: " ٦٠ پەرلەمانتاریان هەیە، لەم هەڵبژاردنەدا شارەوانییەکانیشیان وەرگرتەوە، جارێکی دیکەش وتوومە، ئەگەر من لە دەرەوە بووایام، کۆڵانەکانم پاک دەکردەوە، پێویستە پەرلەمانتارەکان ٢٤ کاتژمێر لەناو خەڵک بن، حیزب ڕێکخراوی گەورەی هەرە دیموکراتیییە، پێویستە خزمەتی خەڵک بکات، گەل ئیرادەی خۆی داوەتە دەستی ئەوانەوە، ئەوانیش پێویستە خزمەتکاری ئەم گەلە بن".

لە کۆتاییدا محەمەد ئۆجالان ئاماژە بەوە دەکات کە عەبدوڵا ئۆجالان ڕێبەری پەکەکە، جەژنی قوربانی لە هەموو گەلانی ڕۆژهەڵاتی ناوین، تورکیا و جیهانی ئیسلام پیرۆز کردووە.

د.ع