بۆ ئازادی عەبدوڵا ئۆجالان ڕێبەری گەلی کورد لە ئیتاڵیا هەڵمەتی “کاتی ئازادیی ئۆجالانە” دەستیپێکرد.
هەڵمەتی “کاتی ئازادیی ئۆجالانە” بۆ ئازادیی عەبدوڵا ئۆجالان ڕێبەری گەلی کورد، لە ئیتاڵیا بە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەنووسی دەستیپێکرد.
هەڵمەتەکە لەلایەن سیاسەتمەداران، پارێزەران، ڕۆژنامەنووسان، ئاکادمیسیەنەکان و ئەندامانی سەندیکاکانەوە بەڕێوەدەبرێت و کۆردیناسیۆنەکەی لە ١٨ کەس پێکدێت کە یەکێکیان ساڵی ١٩٩٩ لە ئیتاڵیا پارێزەری ڕیبەر ئۆجالان بووە.
لەو کۆنگرە ڕۆژنامەنووسییەدا، ئەندامانی کۆردیناسیۆنی هەڵمەتەکە، ڕایانگەیاند، کە هەڵمەتەکە دوو ئامانجی سەرەکیی هەیە، یەکێکیان ئەوەیە کە حکومەتی ئیتاڵیا کە ساڵی ١٩٩٩ مافی پەنابەریی سیاسیی دابووە ڕێبەر ئۆجالان، بۆ ئازادیی ئۆجالان بکەوێتە جوڵە، دووەمیش ئەوەی کە بۆ بڵاوکردنەوەی لێکدانەوەکانی ڕێبەر ئۆجالان لەسەر بابەتە کۆمەڵایەتی، سیاسییەکان و ئازادیی ژن لە گۆڕەپانێکی بەرفراوان، جگە لە زانکۆکان لە کۆمەڵەکان و ڕێکخستنە مەدەنییەکان، سمینار ئەنجامبدرێت.
هەروەها ڕایانگەیاند: هەنگاوی یەکەمی کۆردیناسیۆنەکە ئەوەیە تا ٩ی مانگی ١٢ی ئەمساڵ واژۆ کۆبکرێتەوە و ڕۆژی دواتر لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەنووسی ڕابگەیەندرێت و لەدوای ئەوە پێشکەشی پەرلەمان و وەزارەتی دەرەوەی ئیتاڵیا بکرێت، تا بەبیری حکومەتی ئیتاڵیا بێنێتەوە کە مافی پەنابەری سیاسیی داوەتە عەبدوڵا ئۆجالان ڕێبەری گەلی کورد.
بەبیریشیان خستەوە کە ساڵەکانی نێوان ٢٠١٣ بۆ ٢٠١٥ کەمپەینێکی واژۆ کۆکردنەوە بۆ ئازادی ئۆجالان ڕێکخراوە کە ١٠ ملیۆن واژۆی کۆکردووەتوە و ڕایانگەیاند: “کاتی ئازادیی ئۆجالانە” و بۆ پشتیوانیی ئاشتی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، داوا لە هەمووان دەکەین داوای ئازادیی ڕێبەری گەلی کورد بکەن.
ڕاشیانگەیاند: ڕۆڵی دیاریکەری ئۆجالان لە سیاسەتی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕست لە نزیکەوە دەناسین و سەربرزین بەوەی کە ئەم ئەرکەمان لەسەر شان گرتووە.
ب.ک