ئیتاڵیا سەرجەم گەشتەکانی کۆمپانیای ماهانی ئێرانی هەڵدەوەشێنێتەوە

وڵاتی ئیتاڵیا سەرجەم گەشتەکانی کۆمپانیای ئاسمانی ماهان ئەیر-ی ئێرانی بۆ وڵاتەکەی هەڵدەوەشێنێتەوە.


ڕۆژنامەی "لا ئیستامپا"ی ئیتاڵی ئاشکرایکرد، کە وڵاتەکەی سەرجەم گەشتەکانی کۆمپانیایەکی ئاسمانی سەربە سوپای پاسدارانی ئێرانی بۆ ئیتاڵیا هەڵوەشاندووەتەوەو لە مانگی ١٢ی ئەمساڵەوە بڕیارەکە دەچێتە بواری جێبەجێکردنەوە.

ڕۆژنامەکە نووسیویەتی: ئاژانسی نیشتمانی فڕۆکەوانی ئیتاڵیا، ٤٥ ڕۆژ کاتی بۆ ماهان ئەیر دیاری کردووە، تا کۆتایی بە گەشتەکانی بۆ ئیتاڵیا بێنێت و ڕایگەیاندووە، کە لە ١٥ی مانگی ١٢ـەوە هەموو گەشتەکانی ئەو کۆمپانیایە بۆ ئیتاڵیا قەدەغە دەکرێت.

پێش ئیتاڵیا، فەرەنسا و ئەڵمانیا، گەشتەکانی ئەو کۆمپانیایەیان بۆ وڵاتەکانیان هەڵوەشاندبووەوە.

'لا ئیستامپا' نووسیویەتی: مایک پۆمپیۆ وەزیری دەرەوەی ئەمریکا، لە دوایین سەردانی خۆیدا بۆ ئیتاڵیا داوای لەو وڵاتە کردبوو کە لە چوارچێوەی گەمارۆکانی سەر سوپای پاسدارانی ئێران، هەموو گەشتەکانی کۆمپانیای ماهان ئەیر کە سەربە سوپای پاسدارانە هەڵبوەشێنێتەوە.

بۆ یەکەمجار ئەمریکا لە ساڵی ٢٠١١ـدا کۆمپانیای ماهان ئەیری خستە لیستی گەمارۆکانییەوە، ئەوەش بە تۆمەتی خزمەت بە فەیلەقی قودسی سوپای پاسدارانی ئێران و گواستنەوەی هێز و چەک بۆ سوریا و لوبنان.

س.ح