ئیسرائیل فڕۆکەخانەیەکی لە سوریا بۆردوومانکرد

ڕژێمی سوریا رایگەیاندووە، هێزەکانیان وەڵامی هێرشێکی ئیسرائیل-یان داوەتەوە کە کراوەتە سەر فڕۆکەخانەی تی فۆر لە پارێزگای حومس.


ئاژانسی فەرمی سوریا- سانا، بەیانی ئەمڕۆ لەسەر زمانی سەرچاوەیەکی سەربازی ڕایگەیاندووە، هێزەکانیان وەڵامی هێرشێکی ئیسرائیلیان داوەتەوە بۆسەر فڕۆکەخانەی تی فور لە پارێزگای حومس.

ئاژانسەکە باسی لەوەشکردووە، کە لەو هێرشەدا سەربازێک کوژراوە و دووی دیکەش بریندار بوون.

ڕوانگەی سوری بۆ مافەکانی مرۆڤ لەسەر ئەو هێرشە ئاماژەی بەوەداوە، کە شەوی ڕابردوو چەند تەقینەوەیەک لە دەشتاییەکانی ڕۆژهەڵاتی حومس ڕوویداوە، کە لە ئەنجامی هێرشی فڕۆکە شەڕکەرەکانی سوپای ئیسرائیل بۆسەر فڕۆکەخانەی سەربازیی تەیفور بووە، "لەو فڕۆکەخانەیەدا کۆگای چەک و پێگەیەکی سەربازیی هێزەکانی سوپای پاسدارانی ئێران هەیە، بەهۆی ئەو هێرشەوە لانیکەم پێنج کەس کوژراون کە یەکێکیان سەربازی ڕژێمی سوریایە و برینداریش هەیە".

ڕوانگەی سوری دەشڵێت، کۆگایەکی مووشەک و ئۆتۆمبێلی سەربازیی کراوەتە ئامانج و ژمارەی کوژراوەکان لەوەی ڕاگەیەندراوە زیاترە، هەروەها پێدەچێت بەهۆی قورسی برینی هەندێک لە بریندارەکانەوە ژمارەی کوژراوەکان زیاد بکات.

هەر دوێنێش ئیسرائیل بنکەیەکی سەربازیی لە قونەیتەرە کردبووە ئامانج کە ١٠ کەس تێدا کوژرا و حەوتیش بریندار بوون، سێ لە کوژراوەکان سەربازی سوریان و دەوترێت ئەوانی دیکە لە هێزەکانی ئێرانی و ئەندامانی حیزبوڵای لوبنانن.

س.ح