سوپای ئیسرائیل ڕایگەیاند: شەوی ڕابردوو لە وەڵامی هەوڵی هێرش بۆسەر وڵاتەکەی، چەندین ئامانجی لە باشوری سوریا پێکاوە.
لە ڕاگەیەندراوەکەی سوپای ئیسرائیلدا هاتووە: وێستگەیەکی چاودێری، کەرەستەی کۆکردنەوەی زانیاری، سیستمی بەرگریی ئاسمانی و بنکەی فەرماندەیی و چاودێری لەو سوریا کراوەتە ئامانج.
لەلایەکی دیکەوە ئاژانسی فەرمی سانای سوری ڕایگەیاندووە کە سیستمی بەرگریی ئاسمانی وڵاتەکەی لە وەڵامی هێرشەکانی ئیسرائیل چالاک بووەتەوە، هەروەها ڕایگەیاندووە کە هێرشەکان تەنها زیانی ماددییان بووە.
ڕوانگەی سوری بۆ مافەکانی مرۆڤ-یش هێرشەکەی ئیسرائیلی پشتڕاست کردووەتەوە و ڕایگەیاندووە، کە هێرشەکان لە ناوچەی ‘تل ئەحمەر’ لە قونەیتەرە ئەنجامدراوە.
لە لایەکی دیکەشەوە باس لەوە دەکرێت، کە هەر دوێنێ چەکدارەکانی ئێران لە سەر سنووری سوریا و عێراق لە بوکەمال کراونەتە ئامانج و چەندین پاسداری ئێرانی لەو هێرشەدا کوژراون، هەندێک ڕاگەیاندنیش باس لە تەقینەوەی مینێک بە هێزەکانی ئێراندا دەکەن، بەڵام ئەم هەواڵە بە فەرمی پشتڕاستنەکراوەتەوە.
س.ح