سێشەممە, 2 يون 2020 – 14:31 ڕۆژنیوز – ناوەندی هەواڵەکان
بەپێی ئامرەکانی ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی، دوێنێ ئیسپانیا ڕۆژێکی تاڕادەیەک ئارامی لەدوای مانگی ئازاری ڕابردوەوە بەڕێکردووە، بەوپێیەی هیچ حاڵەتێکی گیانلەدەستدان بەهۆی ڤایرۆسی کۆرۆناوە تۆمار نەکراوە، لەگەڵ ئەوەشدا کەمترین حاڵەتی ڤایرۆسەکە تیایدا تۆمار کردووە کە ٢٠٩ حاڵەت بووە.
ئیسپانیا کە ئێستا لە ڕیزبەندی چوارەم وڵاتی جیهانییە لە زۆری ژمارەی توشبووانی ڤایرۆسەکە و گەیشتووەتە ٢٨٦ هەزار و ٧١٤ کەس، لەگەڵ ئەوەشدا ژمارەی گیانلەدەستدان بەو هۆیەوە ٢٧ هەزار و ١٢٧ کەسە.
هەر لەو چوارچێوەیەدا ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی هۆشداریدا لە بەرزبوونەوەی ژمارەی گیانلەدەستدان بەهۆی زیاد بەکارهێنانی ئەنتی بایۆتیک بۆ چاکبوونەوەی نەخۆشانی کۆرۆنا.
ڕێکخراوەکە باس لەوە دەکات، زیاد بەکارهێنانی ئەو مادەیە دەبێتە هۆی بەهێزبوونی بەکتریاکان، لە کۆتاییشدا ڕێژەی مردن زیاد دەکات.
بەپێی وتەی تیدروس ئەدهانۆم، بەرپرسی ڕێکخراوەکە، ڕێژەیەکی کەم لە توشبووان پێویستیان بە ئەنتی بایۆتیک دەبێت.
لە ئێستادا بەشێک لە وڵاتان پەنا بۆ بەکارهێنانی ئەنتیبایۆتیک دەبەن بۆ چارەسەری توشبووانی کۆرۆنا، بەپێی دوایین ئامارەکانیش تا ئێستا ٣٧٧ هەزار و ٩٦٦ کەس بە کۆرۆنا گیانیان لەدەستداوە کە بەمجۆرە بەسەر کیشوەرەکاندا دابەش بووە:
ئەوروپا؛ ١٧٤ هەزار و ٨٨٧ کەس، بەریتانیا زۆرترین ڕێژەی مردنی بەرکەوتووەو گەیشتووەتە ٣٩ هەزار و ٤٥ کەس.
ئەمریکای باکوور؛ ١٢٥ هەزار و ٩٢١ کەس، ویلایەتە یەکگرتووەکانیش زۆرترین ڕێژەی مردنی بەرکەوتووە و گەیشتووەتە ١٠٦ هەزار و ٩٢٧ کەس.
ئاسیا؛ ٣١ هەزار و ٥٢٩ کەس کە بەرزترین ڕێژەش بەر وڵاتی ئێران دەکەوێ و گەیشتووەتە حەوت هەزار و ٩٤٢ کەس.
ئەمریکای باشوور؛ ٤١ هەزار و ١٢٠ کەس، بەرزترین ڕێژە بەر وڵاتی بەڕازیل دەکەوێ و تا ئێستا گەیشتووەتە ٣٠ هەزار و ٤٦ کەس.
ئەفریقا؛ چوار هەزار و ٣٧٠ کەس، میسر بەرزترین ڕێژەی بەردەکەوێ و گەیشتووەتە هەزار و پێنج کەس.
ک.س