ئێران: ئەمریکا گەمارۆکان هەڵگرێت دانوستانی لەگەڵدا دەکەین

وەزیری ئیتلاعاتی ئێران ڕایگەیاندووە، ئەمریکا پێی وابوە گەمارۆکان ئێران بەچۆکدادێنێت، ڕاشیگەیاندووە "ئەگەر ئەمریکا گەمارۆکان لەسەر ئێران هەڵگرێت، دەرفەتی ئەوە دەڕەخسیت کە دانوستانیان لەگەڵدا بکەین".


شەوی ڕابردوو مەحمود عەلەوی وەزیری دەزگای سیخوڕی ئێران (ئیتلاعات)، لە تەلەفزیۆنی وڵاتەکەی دەربارەی گەمارۆکان و دۆخی ئێران قسەیکردووە.

مەحمود عەلەوی ڕایگەیاندووە: ئەمریکا وایدەزانی کە گەمارۆکان ئێران بەچۆکدادێنێت، بەڵام ئێران لەژێر فشاری گەمارۆ نێودەوڵەتییەکان ڕازی بە دانوستان نابێت.

عەلەوی هەروەها وتوویەتی: ئەگەر سەرۆک کۆماری ئەمریکا دەیەوێت گەمارۆکان لەسەر ئێران لابەرێت، ئێمەش تاووتوێی دەکەین، دوایی ئەگەر ڕێبەرمان (عەلی خامنەیی) فەرمان بکات، دانوستان لە نێوان ئێران و ئەمریکا دەکرێت.

ئەم قسانەی عەلەوی لە کاتێکدایە، کە دوای ئەوەی ئێران هەندێک لە بەندەکانی ڕێککەوتنە ئەتۆمییەکەی پێشلکرد و دەستی بە زیادکردن و پیتاندنی زیاتری یۆرانیۆم کرد، ناڕەزایەتییەکی زۆری نێودەوڵەتیی لێکەوتەوە و دۆناڵد ترامپ ڕایگەیاند: چیتر پەیامێکم بۆ ئێران نییە، ئەوان یاری بە ئاگر دەکەن.

س.ح