ئێران دەڵێت بکوژەکەی قاسم سولەیمانی لە ئەفغانستان کوژراوە

تێکشکاندنی فڕۆکەیەکی سەربازی ئەمریکا بە بێدەنگی لە میدیاکانی ئەمریکاو جیهانەوە تێپەڕی، لە کاتێکدا بزوتنەوەی تاڵیبان بەرپرسیارێتی خستنە خوارەوەی فڕۆکەکەی لە ئەستۆ گرت و بەرپرسانی ئێرانیش بانگەشەی ئەوە دەکەن بکوژەکەی قاسم سولەیمانی لەو هێرشەدا کوژراوە، بەڵام هەندێک بە فیڵێکی ئێرانی دەزانن بۆ ڕازیکردنی جەماوەرەکەی و ئەمریکاش تا ئێستا هیچی لەو بارەیەوە نەوتووە.


دوێنێ فڕۆکەیەکی سەر بە هێزی سەربازی ئەمەریکا لە ئەفغانستان لە ناوچەیەکی ژێر دەسەڵاتی تاڵیبان کەوتەخوارەوە، تاڵیبان دواتر بەرپرسیارێتی ئەوکارەی لە ئەستۆگرت، بەڵام وەزارەتی بەرگری ئەمەریکا ڕەتیدەکاتەوە فڕۆکەکە لەلایەن تەقەی دوژمنەوە کەوتبێتە خوارەوە.

وتەبێژی تاڵیبان زەبیحوڵا موجاهید لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند، تەواوی ستافی فڕۆکەکە کوژراون، لە بەرامبەردا وتەبێژی هێزەکانی ئەمەریکا لە ئەفغانستان کۆڵۆنێڵ سۆنی لیجیت ڕایگەیاند، فڕۆکەکە لە جۆری Bombardier E-11A لە ویلایەتی غەزنەی ئەفغانستان تێکشکاوە، بەبێ ئەوەی هیچ لایەکیان ژمارەی سەرنشینان و ناسنامەکەیان ئاشکرا بکەن.

دوای ڕۆژێک لە ڕووداوەکە، بەرپرسانی ئێران بڵاویان کردەوە، ئەو فڕۆکەیە سەر بە بەڕێوەبەری ئۆپرایسۆنەکانی ئێران و عێراق و ئەفغانستان بووە کە پێشکەوتووترین ئامیری سیخوڕی تێدا هەبووە.

بەرپرسانی ئێران لە زاری ڕۆژنامەنووسێکی ئیتاڵییەوە بڵاویانکردووتەوە، مایکڵ دی ئاندریا ناسراو بە ئایەتوڵڵا مایک کە ماوەیەک پێش ئێستا وەک بەرپرسی ئۆپراسیۆنەکانی ئێران لە ڕێکخراوی سیا بووە لەو فڕۆکەیەدا بووە.

مایکڵ دی ئاندریا کێیە؟

میدیاکانی ئێران لەبارەی ئەو فەرماندەیەی ئەمریکاوە بڵاویانکردووەتەوە، دی ئاندریا شازادەی تاریکی بەناوبانگەو لە ڕێکخراوری سیا کە بەرپرسە لە کاروبارە سیاسیەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست کاری کردووە، ماوەیەکیشە موسڵمانبوونی خۆی ڕاگەیاندووە.

لە ڕێکەوتی ٢/٦/٢٠١٧ ڕۆژنامەی نیۆیۆرک تایمز بە بڵاوکردنەوەی ڕاپۆرتێک ڕایگەیاند کە مایکل دی ئاندریا وەک سەرۆکی مێزی ئێران لە ڕێکخراوی سیا هەڵبژێردراوە، ناوبراو پێش ئەمە بەرپرسی ناوەندی دژە تیرۆری سیا بووە لە ساكی ٢٠٠٠دا.

بە پشت بەستن بە ڕاپۆرتی ڕۆژنامەی نیۆیۆرک تایمز ناوبراو لەوکاتە ئۆپراسیۆنی گەڕان بە دوای ئوسامە بنلادن دامەزرێنەر و ڕێبەری پێشووی گروپی قاعیدەی لە ئەستۆ بووە.

هەروەها ڕێنوێنی بەرنامەی سیا لە کوشتنە ئامانجدارە فڕۆکە بێ فڕۆکەوانییەکانیشی لە ئەستۆری مایکل دی ئاندریا بووە، بەڕێوەچوونی ئەو بەرنامە بووەتە هۆی لەناوبردنی هەزاران گومانلێکراو بە ئەندامێتی لە تۆڕە تیرۆریستییەکان.

بە پێی وتەی فەرمانبەرانی هەواڵگریی پێشوو و ئێستای سیا، دەست نیشانکردنی مایکل دی ئاندریا پێدەچێت یەکەم هەنگاوی گرنگی ئیدارەی ترامپ بوبێت بۆ جێبەجێکردنی پلانەکانی دژ بە ئێران.

ڕۆڵی ئاندریا لە پشێوییەکانی ساڵی ١٩٩٦ی ئێران

لە ساڵی ١٩٩٦ کە لەئێران پشێوییەکی کەم ڕوویدا و پێداگریی بەرپرسانی ئەمریکی لە پاڵپشتی لە ئەو پشێویانەو هەوڵی ئەوان بۆ کێشانی ئەو بابەتە بۆ ئەنجومەنی ئاسایش دەرکەوت کە واشنتۆن لە دەرخستنی ئەو دۆخە لەئێران دەستی هەیە، ناوی دی ئاندریا هاتە مەیدان.

وتار نووسی نیۆیۆرک تایمز دەڵێت، لە ڕوانگەی سەرۆکی سیا، مایکل دی ئاندریا کەسێکە کە خووی بە کارکردن گرتووە و بە باشی دەتوانێت ڕۆلی سیخوڕی سەبارەت بە ئێران  لە سیا لە ئەستۆ بگرێت.

پێشینەی مایکڵ لە سیا

مایکڵ دی ئاندریا ناوبانگ و پیشینەیەکی زۆری لەڕێکخراوی سیا هەیە، پێدەچێت هیچ یەکە لە فەرمانبەرەکانی سیا هێندەی ئەو لە لاواز کردنی قاعیدە ڕۆڵی نەبووبێت، ناوبرا کاتێک کە چاودێری کوشتنی ئۆسامە بنلادن و بەڕێوەبەری بەرنامەی هێرشەکانی ئەمریکا بە فڕۆکەیەکی بێ فڕۆکەوان بوو، بە شازادەی تاریکی ناوبانگی دەرکرد.

سیا ئۆپراسیۆنی هێرشبەری بە فڕۆکەی بێ فڕۆکەوان بە ڕێبەرایەتی دی ئاندریا بۆ سەر یەمەن پەرە پێدا و زۆر کەس لە سیا، ئەو بە یەکێک لە سەرەکترین هۆکارەکانی لاوازکردنەوە و ئیفلیجکردنی قاعیدە دەناسن.

جگە لەوەش ئەو هێزانەی کە لە ژێر ڕێنوێنی دی ئاندریا کاریان کردووە ڕۆڵی بنەڕەتیان لەشەهید کردنی عماد موغنیە لە فەرماندە باڵاکانی حزبوڵڵای لوبنان لە ساڵی  ٢٠٠٨ هەبووە، ئەوان بە هاوکاریی ئیسرائیلییەکان سیا بە ئەو بۆمبەی کە لە ئۆتۆمبیل دایاننابوو، موغنیەیان لە دیمەشق کوشت.

بێدەنگی ئەمریکا

میدیاکانی ئێران باسیان لەوەشکردووە، خاڵی جێی سەرسووڕمان لە پێوەندی لە گەڵ داکەوتنی فڕۆکە سیخوڕیەکەی ئەمریکا لە ئەفغانستان، بێدەنگی قورسی واشنتۆن سەبارەت بە کەسەکانی ناو ئەو فڕۆکەیەیە، لە کاتێکدا ئەمریکا دەستبەجێ دوای تێکشکانی فڕۆکە مەندەنیەکەی ئۆکراین لە تاران، زانیاری وردی سەبارەت بەکەوتنەخوارەوەی فڕۆکەکە خستە بەر دەستی وڵاتانی جیهان، ئێستا سەبارەت بە تێکشکانی فڕۆکە سەربازییەکەی خۆی بێدەنگیەکەی مانای زۆر هەڵدەگرێت.

د.ع