دەسەڵاتی ئێران بەهۆی نەدانی دوو ساڵ پشکی ئەندامێتیی لە نەتەوە یەکگرتووەکان، مافی دەنگدانی لە ئەنجومەنی گشتی ئەو ڕێکخراوە لەدەستدا.
ئانتۆنیۆ گۆترێس سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان لە نامەیەکدا بۆ ڤۆڵکان بوزکر سەرۆکی ٧٥ـەمین ئەنجومەنی گشتی ڕێکخراوەکە، داوایکرد خاڵی ١٩ی جاڕنامەی نەتەوە یەکگرتووەکان لەسەر ئێران و پێنج وڵاتی دیکە جێبەجێی بکرێت.
بەپێی خاڵی ١٩ی جاڕنامەکە، هەر وڵاتێکی ئەندام لە نەتەوە یەکگرتووەکان کە پشکی ئەندامێتی خۆی بۆ ماوەی زیاتر لە دوو ساڵ نەدات، مافی دەنگدانی خۆی لە ئەنجومەنی گشتی لەدەست دەدات.
لە نامەکەیدا، سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان، داوایکردووە کە ڤۆڵکان بوزکر، خاڵی ١٩ لەسەر؛ ئێران، لیبیا، نیجر، سۆمال، سودانی باشور، زیمبابوە، جێبەجێی بکات و مافی دەنگدانیان لێوەرگرێتەوە.
ئێران پێشتر داوایکردبوو، بەهۆی گەمارۆکانی نەتەوە یەکگرتووەکان لەسەر دەسەڵاتی ئەو وڵاتە، قەرزی ئەندامێتییەکەی کە دەکاتە ١٦ ملیۆن و ٤٤ هەزار و ٦١٩ دۆلار، بە دراوێکی دیکە بداتەوە، سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکانیش ئەم داواکارییەی دەسەڵاتی ئێرانی قبوڵ کردبوو، بەڵام بەپێی دوایین ڕاپۆرتەکان، تا کۆتایی ساڵی ٢٠٢٠ هێشتا ئەم پارەیە نەدراوە.
ب.ک