ئێران و ڕوسیا ڕێککه‌وتنێکی سه‌ربازی ده‌ریایی واژۆ دەکەن

فه‌رمانده‌ی هێزی ده‌ریایی سەربازیی 'ئارتەش' کۆماری ئیسلامی ئێران، ڕایگەیاند،‌ له‌گه‌ڵ فه‌رمانده‌ی هێزی ده‌ریایی ڕووسیا کۆبووتەوەو یه‌که‌م ڕێککه‌وتنی سه‌ربازی له‌ نێوان هێزه‌ چه‌کداره‌کانی ئێران و وه‌زاره‌تی به‌رگری ڕووسیا-یان واژۆ کردووە.


بەپێی هەواڵی ئەمڕۆی میدیاکانی ئێران، ئێران و ڕوسیا ڕێککەوتنێکی سەربازیی دەریاییان واژۆکردووە.

حسێن خانزادی فه‌رمانده‌ی هێزی ده‌ریایی سەربازیی ئێران ڕایگه‌یاند:"پڕوپاگه‌نده‌ی ئه‌مریکا و وڵاتانی دیکه‌ بۆ پێکهێنانی هاوپه‌یمانی ده‌ریایی له‌ ناوچه‌ی که‌نداوی فارس هیچ ئه‌نجامێکی نابێت، ئه‌وان هه‌وڵ ده‌ده‌ن بڵێن ناوچه‌که‌ له‌ ڕووی ئاسایش و سه‌قامگیرییه‌وه‌ له‌ دۆخیکی گونجاودا نییه،‌ به‌ڵام هه‌وڵه‌کانی ئه‌وان سه‌ر ناگرێت، هه‌فته‌ی ڕابردوو کۆبوونه‌وه‌یه‌کمان لەگه‌ڵ فه‌رمانده‌ی هێزی ده‌ریایی ڕووسیا به‌ڕێوه‌چوو، تێیدا یه‌که‌م ڕێککه‌وتنی سه‌ربازی له‌ نێوان هێزه‌ چه‌کداره‌کانی ئێران و وه‌زاره‌تی به‌رگری ڕووسیا واژۆ کرا".

خانزادی ڕاشیگه‌یاند:"له‌ داهاتوویه‌کی نزیکدا پلانی پێویست و هاوبه‌ش له‌ نێوان ئێران و ڕووسیا بۆ به‌ڕێوه‌چوونی نمایشی سه‌ربازی هه‌ر دوو وڵات ئاماده‌ ده‌کرێت".

س.ح