ئێران ٢ هەزار کیلۆ گازی یۆرانیۆمی بردە فۆردۆ

ئێران هەنگاوی چوارەمی کەمکردنەوەی بەڵێنەکانی لە ڕێککەوتنی ئەتۆمی هەڵگرت و دوو هەزار کیلۆگرام "گازی هگزافلۆراید یۆرانیۆمی UF6"ی گواستەوە بۆ بنکەی ئەتۆمی فۆردۆ.


کاتژمێرێک لەمەوبەر ئێران بە فەرمی ڕایگەیاند، کە لە پێناو هەڵگرتنی هەنگاوی چوارەم بۆ کەمکردنەوەی بەڵێنەکانی لە ڕێککەوتنی ئەتۆمی، لەژێر چاودێری ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆم، بە ڕێژەی دوو هەزار کیلۆگرام "گازی هگزافلۆراید یۆرانیۆمی UF6"ی گواستووەتەوە بۆ بنکەی ئەتۆمی فۆردۆ بۆ ئەوەی بدرێت بە خوردی سانتریفیۆژەکانی ئەو بنکەیە بۆ بەرهەمهێنانی ئۆرانیۆمی ٥٪.

بەهرۆز کەمالوەندی وتەبێژی دامەزراوەی وزەی ئەتۆمی لەسەر ئەو بابەتە وتی: بەپێی ڕێککەوتنی ئەتۆمی، پێش ئەمە بڕیار بوو بنکەی فۆردۆ ماددەی هەستەیی نەبێت، بەڵام لەمەو دوا سانتریفیۆژەکان ئەو گازەیان پێدەدرێت و دەگەڕن.

س.ح