ئەرجەنتین داوای لە ئازەربایجان کردووە ڕاوێژکارێکی خامنەیی دەستگیربکات

وەزارەتی دەرەوەی ئەرجەنتین داوای لە دەوڵەتی ئازەربایجان کردووە ڕاوێژکارێکی خامنەیی دەستگیر بکات، کە بڕیارە سەردانی وڵاتەکەیان بکات.


عەلی ئەکبەر ولایەتی ڕاوێژکاری عەلی خامنەیی ڕێبەری ئێران بڕیارە بۆ بەشداری لە کۆنفرانسێک ڕۆژی ١٤ی ئەم مانگە، سەردانی وڵاتی ئازەربایجان بکات، وەزارەتی دەرەوەی ئەرجەنتین داوای لە دەوڵەتی ئازەربایجان کردووە ناوبراو وەک یەکێک لە تاوانبارانی هێرشێکی تیرۆریستی لە وڵاتەکەی دەستگیر بکات و ڕادەستی ئەرجەنتینی بکاتەوە.

ڕۆژنامەی جروزالم پۆستی ئیسرائیلی ئاشکرایکردووە کە هەینی ڕابردوو واتا ڕۆژی ٨ی ئەم مانگە، وەزیری دەرەوەی ئەرجەنتین باڵیۆزی ئازەربایجانی بانگهێشت کردووە و نیگەرانی خۆی لە سەردانەکەی ولایەتی بۆ باکو دەربڕیوە و داوای لە دەوڵەتی ئازەربایجان کردووە کە هاوکاریی بکات.

وەزیری دەرەوەی ئەرجەنتین داوای لە دەوڵەتی ئازەربایجان کردووە کە عەلی ئەکبەر ولایەتی لە کاتی گەیشتن بە وڵاتەکەیان دەستگیر بکەن و ڕادەستی ئەرجەنتینی بکەن.

جێگای ئاماژەیە، عەلی ئەکبەر ولایەتی کە لەو کاتە وەزیری دەرەوەی ئێران بووە، لەگەڵ چەند کاربەدەستی باڵای دیکەی ئێران لە دۆسیەیەکی تیرۆریستی لە وڵاتی ئەرجەنتین تۆمەتبارە و لەلایەن ئەو وڵاتەوە داواکراوە، لەو هێرشە تیرۆریستییە کە ساڵی ١٩٩٤ لە ناوەندی یەهودییەکان ناسراو بە "ئامیا" لە بوینس ئایرسی پایتەختی ئەرجەنتین ڕوویدا، ٨٥ کەس کوژران و ٣٠٠ کەسیش بریندار بوون.

ک.س