ئەردۆغان هەڕەشە لە ئەمریکا دەکات

سەرۆک کۆماری تورکیا هەڕەشەی لە ئەمریکا کردووە کە گرێبەستی کڕینی ١٠٠ فڕۆکەی بوینگ هەڵدەوەشێنێتەوە، ئەگەر ئەو وڵاتە تورکیا لە پرۆژەی 'ئێف-٣٥' بە کردەوە بخاتە دەرەوە.


ئاڵۆزییەکانی نێوان تورکیا و یەکێتی ئەوروپا پەڕەیان سەندووە، هەروەها بەهۆی کڕینی سیستمی ئێس-٤٠٠ی ڕوسیاوە گرژیی کەوتووەتە نێو پەیوەندییەکانی تورکیا و ئەمریکا، لەسەر ئەو ئاڵۆزی و گرژییانەش هەم ئەمریکا و هەمیش یەکێتی ئەوروپا گەمارۆیان خستووەتە سەر دەوڵەتی تورک، ئەردوغان-یش دەستیکردووە بە هەڕەشە کردن.

دوێنێ ئەردوغان سەرۆکی دەوڵەتی تورک لە دانیشتنێکی پارتەکەی قسەیکردووە و وتوویەتی: ئێمە مشتەرییەکی باشین، بەڵام ئەگەر دۆخەکە وەها بڕوات، ئێمەش ناچارین ڕەفتارمان بگۆڕین.

لە بەردەوامی قسەکانی ناوبراو هەڕەشەی لە ئەمریکا کردووە و وتوویەتی: ئەگەر ئەمریکا بە کردەوە تورکیا لە بەرنامەی بەرهەمنهێنانی فڕۆکەی ئێف-٣٥ بخاتە دەرەوە، ئەوا ئێمەش فرۆشیارێکی دیکە دەدۆزینەوە.

هەڕەشەیەکی دیکەی ئەردوغان ئەوە بووە کە؛ "پێشتر گرێبەستمان بۆ کڕینی ١٠٠ فڕۆکەی گەشتی جۆری بوینگ لەگەڵ ئەمریکا کردووە، ئەو گرێبەستەش هەڵدەوەشێنمەوە".

جێگەی ئاماژەیە، کە گرێبەستی کڕینی ئەو ١٠٠ بوینگە پێشتر واژۆ کراوە و تورکیا یەکێک لەو فڕۆکانەشی وەرگرتووە.

دۆناڵد ترامپ سەرۆک کۆماری ئەمریکا بەم دواییانە وتبووی:"واشێنتۆن پێداگری تورکیا لەسەر دامەزراندنی سیستمی ڕوسی ئێس-٤٠٠، بە گەمارۆ وەڵام دەداتەوە".

س.ح