ئەرەن کەسکین کاندیدە بۆ خەڵاتێکی نێودەوڵەتی

ئەرەن کەسکین، چالاکوان و پارێزەری مافەکانی مرۆڤ، کە میدیاکانی ئاکەپە بە "تیرۆریست" ناوی دەبەن، ١٠ ڕێکخراوی جیهانیی کاندیدیان کردووە بۆ وەرگرتنی خەڵاتێکی نێودەوڵەتی.


پارێزەری بە ڕەگەز تورک ئەرەن کەسکین، کە بەشێکی زۆری ژیانی لە دادگا و زیندانەکان بەسەربردووە، هەمیشە وەک ژنێکی پۆڵایین بەرگری لە مافی مرۆڤی کورد و هەموو ستەملێکراوێک کردووە لە تورکیا.

کەسکین لە پای هەوڵ و تێکۆشانەکانی لە پێناوی داکۆکیکردن لە مافەکانی مرۆڤدا، لەلایەن ڕێکخراوی لێبووردنی نێودەوڵەتی و ڕێکخراوی جیهانی بۆ چاودێریکردنی مافەکانی مرۆڤ و ٨ ڕێکخراوی دیکەی هاوشێوەوە پاڵێوراوە بۆ وەرگرتنی خەڵاتی مارتن ئێنالس-ئ نێودەوڵەتی.

ڕێوڕەسمی بەڕێوەچوونی خەڵاتەکە مانگی شوباتی ساڵی داهاتوو لە جنێڤ - سویسرا بەڕێوە دەچێت و دوو کەسی تریش بە ناوەکانی مارینۆ کۆردۆبا بەریۆ (کۆڵۆمبیا) و عەبدول عەزیز محەمەد (ئوسترالیا) لەگەڵ کەسکیندا بۆ هەمان خەڵات پاڵێوراون.

ئەم هەواڵە شۆکێکی گەورەی بۆ میدیاکانی تورکیا، بەتایبەتیش میدیاکانی ئاکەپە، دروست کردووە، ڕۆژنامەی "یەنی شەفەق"ی زمانحاڵی ئاکەپە هەواڵەکەی بە سەردێڕی "سکانداڵ - فەزیحە" بڵاو کردووەتەوە و تیایدا کەسکینی وەک "تیرۆریست" و ئەندامی پەکەکە لە قەڵەم داوە.

کەسکین بەشێکی زۆری ژیانی لە دادگا و زیندانەکانی تورکیا بەسەربردوە بەهۆی بەرگریکردن لە مافەکانی کورد و ستەملێکراوانی دیکەی تورکیا، ئەرەن کەسکین پارێزەر و چالاکوانی مافەکانی مرۆڤە و دوو جار بوەتە سەرۆکی ڕێکخراوی مافەکانی مرۆڤی تورکیا.

مارتن ئێنالس چالاکوانێکی مافی مرۆڤ بووە لە بەریتانیا، ئەو لە ساڵی ١٩٨٦ تا ١٩٨٠ سکرتێری گشتی ڕێکخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی بووە، مارتن لە ساڵی ١٩٢٧ لەدایک بووە و لە ساڵی ١٩٩١ کۆچی دوایی کردووە.


ک.ک