تەقینەیەوەیەک لە شاری ‘پۆل عەلەم’ لە ویلایەتی لوگەر ڕوویدا و بووە هۆی کوژرانی ١٧ کەس و برینداربوونی دەیان کەسی دیکە.
تارق ئاریەن وتەبێژی وەزارەتی ناوخۆی ئەفغانستان ڕایگەیاند: کاتژمێر ٠٧:٤٠ ئێوارەی دوێنێ، ئۆتۆمبێلێکی پڕ لە تەقەمەنی لە بەردەم بازگەیەکی پۆلیس لە مەیدانی ‘شاروال’ لە شاری ‘پۆل عەلەم’ی ویلایەتی لوگەر تەقێندراوەتەوە.
هەرچەند ئاریەن ڕایگەیاندووە کە لەو تەقینەوەیەدا ١٧ کەس کوژراون و ٣٠ کەس بریندرار بوون، بەڵام ڕاگەیاندنە خۆجێیەکانی ئەفغانستان باس لە کوژرانی دەیان کەس و برینداربوونی ژمارەیەکی زۆر دەکەن.
لە کاتێکدا تا ئێستا هیچ گروپێک بەرپرسیارێتی تەقینەوەکەی لە ئەستۆ نەگرتووە، زەبیحوڵا موجاهد وتەبێژی گروپی تاڵیبان لە تویتێکدا نووسیویەتی کە تەقینەوەکە پەیوەندیی بە چەکدارانی تاڵیبانەوە نییە.
ئەمە لە کاتێکدایە کە بە بۆنەی جەژنی قوربانەوە ئاگربەستێکی سێ ڕۆژە لەلایەن گروپی تاڵیبانەوە ڕاگەیەندرا و کۆشکی سەرۆک کۆماریی ئەفغانستانیش پێشوازیی لێکرد و لە ئەمڕۆە دەستپێدەکات.
س.ح