ئەفغانستان، تاڵیبان بەشێک لە شاری غەزنیی کۆنتڕۆڵ کرد

شەوی ڕابردوو چەکدارەکانی تاڵیبان لە چوار قۆڵەوە هێرشیان کردە سەر شاری غەزنیی لە باشوری کابۆڵی پایتەختی ئەفغانستان و بەشێکی شارەکەیان کۆنتڕۆڵکرد.


تا کاتی ئامادەکردنی ئەم هەواڵە شەڕی قورس لەنێوان چەکدارەکانی تاڵیبان و هێزەکانی سوپای ئەفغانستان لەناو شاری غەزنیدا ڕوودەدات، هەردوو لایەن کوژراو و برینداریان لێکەوتووەتەوە.

چەکدارەکانی تاڵیبان ناوەندی شاریان هاوەنباران کردووە و توانیویانە بچنە ناو بازاڕی ناوەندی شارەکەوە، هەروەها لە ڕێگای مکەبەرەی مزگەوتی گەورەی غەزنییەوە بانگەوازیی هاوڵاتیان دەکەن کە لە ماڵەکانیان نەچنە دەرەوە.

زەبیحوڵا موجاهید، وتەبێژی چەکدارەکانی تاڵیبان ڕایگەیاندووە: "کە سەدان موجاهیدی تاڵیبان لەناو شاری غەزنیدان و توانیویانە دەست بەسەر ناوەندەکانی پۆلیسدا بگرن"، بانگەشەی ئەوەشی کردووە، کە لە شەڕی ناو شارەکە ١٤٠ سەربازی سوپای ئەفغانستان کوژراون.

سوپای ئەفغانستانیش ڕایگەیاندووە، کە تیمە تایبەتەکانی سوپای ئەفغانستان لە بەیانییەوە خۆیان گەیاندوەتە شارەکە و بەشێک لە گەڕەکەکانی ژێر کۆنتڕۆڵی تاڵیبانیان وەرگرتووەتەوە.

دکتۆر باز محەمەد، سەرۆکی فەرمانگەی تەندروستی غەزنی ڕایگەیاندووە، کە تا ئێستا حەوت بریندار نێردراون بۆ نەخۆشخانەی غەزنی.

ک.ک