ئەفغانستان، شەڕ لەنێوان داعش و تاڵیبان-دا ڕوویدا

لە ئەنجامی شەڕی نێوان چەتەکانی داعش و چەکدارەکانی تاڵیبان لە ویلایەتی نەنگەرهار لە ئەفغانستان، شەش کەس کوژران، یەکێک لە کوژراوەکان فەرماندیەکی تاڵیبانە.


بە گوێرەی ڕۆژنامەی 'هەشتی سوبح'ی ئەفغانستان، شەوی ڕابردوو لە ولسوالی خوگیانی لە ویلایەتی نەنگەرهاری ئەفغانستان، شەڕ لە نێوان چەتەکانی داعش و چکدارەکانی تاڵیبان ڕوویداوە و لە ئەنجامدا چەتەیەکی داعش و فەرماندەیەک و چوار چەکداری تاڵیبان کوژراون.

ئەمڕۆ عەتائوڵا خۆگیانی وتەبێژی والی نەنگەرهار سەرەرای پشتڕاستکردنەوەی ئەو پێکدادانە و کوژرانی شەش کەس لە هەردوولا، بە ڕۆژنامەکەی ڕاگەیاندووە: ئەو شوێنەی شەڕەکەی تێدا ڕوویداوە، لەژێر کۆنترۆڵی چەکدارانی تاڵیبانە.

خوگیانی هەروەها ئاشکرایکردووە، کە لە شەڕێکی دیکە کە بەیانی دوێنێ لە نێوان ئەو دوو گروپە لە ولسوالی شیرزاد لە ویلایەتی نەنگەرهار ڕوویداوە، ١٢ چەتەی داعش کوژراون.

ویلایەتی نەنگەرهار دەکەوێتە ڕۆژهەڵاتی ئەفغانستان و هاوسنووری وڵاتی پاکستانە، چەند بەشێکی ئەو ویلایەتە ماوەیەکە لە کۆنترۆڵی چەکدارەکانی تاڵیبان-دایە، بەڵام چەتەکانی داعش-یش بەم دواییانە چالاکیانیان لەو ویلایەتە زیادکردووە.

س.ح