ئاژانسی ئەسۆشێتد پرێس بڵاویکردەوە، ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا ئامادەکاریی بۆ چۆڵکردنی باڵیۆزخانەکەی لە کیێڤ-ی پایتەختی ئۆکرانیا دەکات، ئەوەش لەکاتێکدایە بەرپرسانی هەواڵگریی ڕۆژئاوا هۆشداریی دەدەن لەوەی داگیرکردنی ئۆکرانیا لەلایەن ڕووسیاوە ‘زۆر نزیک بووەتەوە’.
ئاژانسی ئەسۆشێتد پرێس لەزاری بەرپرسانی ئەمریکاوە دەڵێت: وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا پلانی هەیە ئەمڕۆ ڕایبگەیەنێت، کە هەموو ستافی باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە کیێڤ داوایان لێ دەکرێت ئۆکرانیا چۆڵ بکەن، پێش ئەوەی بکەونە بەر مەترسیی هێرشی ڕووسیا بۆ ئۆکرانیا.
ئەو بەرپرسانە کە بەمەرجی ناونەهێنانیان قسەیان بۆ ئاژانسەکە کردووە، ئەوەشیان ئاشکراکردووە، کە ڕەنگە چەند بەرپرسێکی ئەمریکیی لە کیێڤ بمێننەوە، بەڵام وا بڕیارە زۆرینەی زۆری کارمەند و بەرپرسانی باڵۆزخانەکە کە ژمارەیان نزیکەی ٢٠٠ کەس دەبێت، بگوازرێنەوە بۆ سنووری پۆڵەندا، “بۆ ئەوەی ئەمریکا بتوانێت ئامادەبوونی دیپلۆماسیی خۆی لە ئۆکرانیا بپارێزێت”.
پێشتریش وەزارەتی دەرەوە ئەمریکا “فەرمانی” بە خانەوادە و کەسوکاری کارمەندەکانیان لە ئۆکرانیا کردبوو، کە ئەو وڵاتە بەجێبهێڵن، دوێنێش جۆ بایدن، سەرۆکی ئەمریکا لەمیانی چاوپێکەوتنێکی تەلەفزیۆنییدا، داوای لە هاوڵاتیانی ئەمریکیی کرد “دەستبەجێ” خاکی ئۆکرانیا بەجێبهێڵن.
هەتا ئێستا جگە لە ئەمریکا، هەریەک لە وڵاتانی بەریتانیا و ئیسرائیلیش داوایان لە هاوڵاتیانی وڵاتەکەیان کردووە، خاکی ئۆکرانیا بەهۆی مەترسیی هێرشی ڕووسیاوە جێبهێڵن.
ئەمریکا هۆشدارییەکانی خۆی لەبارەی ئەگەری دەستپێکردنی هێرشی ڕووسیا بۆ داگیرکردنی ئۆکرانیا زیاترکردووە، دوێنێش وەزارەتی بەرگریی ئەمریکا ‘پنتاگۆن’ ڕایگەیاند، وڵاتەکەی سێ هەزاری سەربازی دیکە دەنێرێت بۆ ڕۆژهەڵاتی ئەوروپا، تا لەگەڵ ئەو هەزار و ٧٠٠ سەربازەی پێشتر گواستبوویانەوە بۆ ئەوروپا ئامادەکاریی بۆ هەر ئەگەرێکی داگیرکردنی ئۆکرانیا لەلایەن ڕووسیاوە بکەن.
ب.ل