ئەمریکا، ئێران بە بەرپرسی ڕووداوەکانی فەجیرە دەزانێت

کاربەدەستێکی پنتاگون ڕایگەیاندووە، کە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، ئێران و گروپەکانی سەر بە ئێران بە بەرپرسی تەقاندنەوەی چوار کەشتی لە بەندەری فەجیرەی ئیمارات و هێرش بۆسەر باڵیوزخانەکەی لە بەغدا دەزانێت.


ئاژانسی ئەسوشەیتدپرێس لە زاری ژنرال مایکل گلیدی-یەوە بڵاویکردووەتەوە، ئەمریکا دڵنیا بووەتەوە لەوەی کە سوپای پاسداران بەرپرسی تەقاندنەوەی کەشتییە نەوتبەرەکان لە بەندەری فەجیرەی ئیمارات بووە و گروپەکانی سەر بەوان بەرپرسی هاویشتنی ڕۆکێتە بۆ نزیک باڵیوزخانەی ئەمریکا لە بەغدا.

بەرەبەیانی ڕۆژی ١٢ی ئەم مانگە چوار کەشتی لە بەندەری فەجیرە لە ئیمارات کرانە ئامانج و تەقێندرانەوە، دوای ئەوە بۆرییە نەوتییەکانی سعودیە لەلایەن حوسییەکانەوە کە بە گروپێکی سەر بە ئێران دەزانرێن هێرشیان کرایە سەر، هەر دوای ئەوەش بە ڕۆکێت لە نزیک باڵیوزخانەی ئەمریکا لە بەغدای پایتەختی عێراق درا.

ژنرال مایکل گلیدی ڕایگەیاندووە، ئەمریکا دڵنیا بووەتەوە سوپای پاسداران بەرپرسی تەقاندنەوەی کەشتییە نەوتبەرەکانن لە بەندەری فەجیرەی ئیمارات، وە گروپەکانی سەر بەوان بەرپرسی هاویشتنی ڕۆکێتن بۆ نزیک باڵیوزخانەی ئەمریکا بوون لە بەغدا.

ئەوە لە کاتێکدایە، ئێران ڕەتیکردەوە دەستی لەو هێرشانەدا هەبووبێت و ڕایگەیاندبوو، کە پێیان وایە دەستی ئیسرائیلی تێدایە.

دوای قووڵبوونەوەی ئاڵۆزییەکانی نێوان ئێران و ئەمریکا، هەر دوێنێ دۆناڵد ترامپ سەرۆکی ئەمریکا فەرمانی ناردنی هێز و چەکی زیاتری بۆ کەنداو دەرکرد، هەرچەند کاربەدەستانی ئەمریکی ڕایدەگەیەنن بەنیازی شەڕ لەگەڵ ئێران نیین، بەڵام وەزارەتی دەرەوەی ڕوسیا ئاشکرای کردبوو، کە ئەمریکا بەنیازە ڕاستەوخۆ هێرش بکاتە سەر ئێران.