ئەمریکا: بڕیاری لێخۆشبوونمان بۆ هاوردەی وزە نەداوە بە عێراق

لە کاتێکدا زیاتر لە دوو هەفتە لە ماوەی ٩٠ ڕۆژەکەی لێخۆشبوونی ئەمریکا لە عێراق لەسەر گەمرۆکانی بۆسەر ئێران ماوە، وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا ڕایگەیاندووە، بۆ درێژکردنەوەی ئەو لێخۆشبوونە بڕیارمان نەداوە.


ئەمڕۆ مۆرگان ئۆرتەگوس، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەنووسیدا لەسەر درێژکردنەوەی لێخۆشبوونی وڵاتەکەی لە عێراق بۆ هاوردەکردنی گاز و کارەبا لە ئێرانەوە بۆ ڕۆژنامەنووسان دووا.

ئۆرتەگوس رایگەیاندووە، کە ئەمریکا هیچ بڕیارێکی نوێی لەو بارەیەوە نەداوە، هەروەها جەختی لەوە کردووەتەوە کە، سیاسەتی دەستپێنەگەیشتنی ئێران بۆ سەرچاوە داراییەکان، بۆ بەڕێوەبردنی بەرنامە ناوخۆیی و دەرەکییەکانی سەرکەوتوو بووە.

١٨-٣-٢٠١٩، وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا ڕەزامەندیی دەربڕی لەسەر ئەوەی ماوەی ٩٠ ڕۆژ لێخۆشبوون بە عێراق بدرێت بێ ئەوەی گەمارۆکان بیگرێتەوە، تا کارەبا و گاز لە ئێران هاوردە بکات، ئەم دەرفەتە ڕۆژی ١٦ی مانگی داهاتوو کۆتایی پێدێت.

س.ح