ئەمریکا بۆ ئاسایشی گەروی هۆرموز هاوپەیمانیی سەربازی دروست دەکات

سەرۆک ئەرکانی سوپای ئەمریکا ڕایگەیاند: وڵاتەکەی بەنیازە هاوپەیمانییەکی سەربازی بۆ پاراستنی و دابینکردنی ئازادیی دەریاوانی لە ئاوە نێودەوڵەتییەکان، گەروی هورموز و باب ئەلمەندەب دروست بکات.


شەوی ڕابردوو ژنراڵ ژۆزێف دانفۆرد سەرۆک ئەرکانی سوپای ئەمریکا، دوای کۆبوونەوەی لەگەڵ مایک پۆمپیۆ وەزیری دەرەوە و مارک ئسپیر وەزیری بە وەکالەتی بەرگری وڵاتەکەی، بە ڕۆژنامەنووسانی وت: باوەڕمان وایە ئێران و ئەو گروپە چەکدارانەی پشتیوانییان لێدەکات، ڕۆڵیان لە ناسەقامگیری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست هەیە.

دانفۆرد هەروەها وتی:"بەنیازین هاوپەیمانییەکی سەربازی بۆ پاراستن و دابینکردنی ئازادیی دەریاوانی لە ئاوە نێودەوڵەتییەکان، گەروی هورموز و باب ئەلمەندەب دروست بکەین، بۆیە لەگەڵ هەندێک وڵات لە گفتۆگو داین".

ڕۆیتەرز لەو بارییەوە نووسیویەتی: لەم پلانەدا کە چەند ڕۆژ لەمەوبەر تەواو بووە، ئەمریکا ڕێبەرایەتی و فەرماندەیی ئازادی کەشتیوانی لەم ناوچەیەی دابین دەکات و هاوپەیمانەکانیشی لە نزیکەوە بە ئاڵای وڵاتەکانیانەوە هاوڕێی دەبن.

س.ح