پنتاگۆن دەرگای بۆ ئەگەری ناردنی هێزی زیاتر بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست کردەوە وەک بەشێک لە ئەرکی مەشقی زیاتری ناتۆ بۆ پاڵپشتیکردنی هێزەکانی عێراق و دڵنیابوون لەوەی داعش نەگەڕێتەوە.
به پێی ڕاپۆرتێکی CNN، جێسیکا ئێڵ ماکنوڵتی وتەبێژی پنتاگۆن ڕایگەیاندووە، ئەمریکا بەشداری لە پێکهێنانی ئەرکی ناتۆ دەکات لە عێراق، هەروەها ئەوەی بە بەشدارییەکی دادپەروەرانەی خۆی وەسف کردووە بۆ ئەم ئەرکە فراوانە.
هەروەها دەڵێت، ئەمریکا و هاوبەشەکانی لە هاوپەیمانی نێودەوڵەتی بۆ شکستپێهێنانی داعش، پابەندن بە دڵنیابوون لە شکستهێنانی هەمیشەیی داعش و پێنتاگۆنیش بە بەردەوامی چاوی لە ڕاوێژە لەگەڵ عێراق و ناتۆ و هاوپەیمانییە جیهانییەکانی.
لوید ئۆستن وەزیری بەرگری ئەمریکا ڕۆژی پێنجشەممەی ڕابردوو لە کۆبوونەوەیەکی وەزیرانی بەرگریدا باسی لە ئەرکە نوێیەکە کرد لەگەڵ هاوتا ناتۆکانی.
درەنگانی هەمان ڕۆژ، جۆن کیربی وتەبێژی پنتاگۆن باسی لەوە کرد، هیچ پلانێکیان نییە بۆ ناردنی سەربازی زیاتری ئەمریکا بۆ عێراق، بەڵام کاربەدەستێکی بەرگری بە CNN ی ڕاگەیاندووە، هێزەکانی ئەمریکا دەتوانن لە دەرەوەی وڵات پشتگیری لە ئەرکەکەی ناتۆدا بکەن.
کیربی لە تویتەری خۆیەوە ڕایگەیاندووە: ئێمە پشتگیری لە ئەرکە فراوانەکەی ناتۆ لە عێراق دەکەین و بەردەوام دەبین، بەڵام هیچ پلانێکمان نییە بۆ ئەوەی ئاستی هێزەکانمان لەوێ بەرز بکەینەوە.
ئیدارەی پێشووی ئەمریکا ژمارەی سەربازەکانی لە عێراق بۆ دوو هەزار و ٥٠٠ سەرباز کەمکردەوە.
ی. ک