ئەمریکا: بەرخۆدانی شەڕڤانان جیهانی بەرەو ئارامی زیاتر بردووە

جێگری وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا لە لێدوانێکدا دوای سوپاسی لە هێزەکانی سوریای دیموکرات، داوای لەو وڵاتانە کرد کە هاووڵاتیەکانیان لەناو دیلە داعشەکانی دەستی قەسەدەدان بیانبەنەوە وڵاتەکانیان، ڕاشیگەیاند: بەرخۆدانی شەڕڤانان جیهانی بەرەو ئارامی زیاتر بردووە.


ڕۆبێرت پالادینۆ جێگری وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا لە لێدوانێکی فەرمیدا کە ئەمڕۆ بڵاوبووەتەوە، دوای گەیاندنی پێزانینی وڵاتەکەی بۆ هێزەکانی سوریای دیموکرات- قەسەدە، کە بەشێکن لە هێزەکانی هاوپەیمانی دژی داعش، داوای لەو وڵاتانە کردووە کە هاووڵاتییەکانیان لە ناو ئەو چەتانەی داعشدان کە بەدیل کەوتوونەتە دەستی هێزە کوردییەکان، بیانبەنەوە بۆ وڵاتەکانیان.

لە لێداونەکەدا هاتووە:"ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا پـێزانینی هەیە بۆ تێکۆشانی هێزەکانی سوریای دیموکرات لە ناو هێزەکانی هاوپەیمانێتی نێودەوڵەتی دژی داعش، لەگەڵ ئەوەی بە ئازایەتی و سووربوونی خۆیان ناوچەکەیان لە داعش ڕزگارکرد، بە سەدان چەکداری بیانی تێرۆستیشیان دەستگیرکردووە، کە خەڵکی دەیان وڵاتانی جیهانن، بە تێکۆشانی ئەوان ئێستا داعش لاوازبووە و هەڵدێت و لەگەڵ ئەوەشدا جیهان بووەتە شوێنێکی ئارامتر".

لە درێژەی لێدوانەکەدا هاتووە: هێزەکانی سوریای دیموکرات لە ڕووبەڕووبوونەوە لەگەڵ ئەم هێزە دڵڕەقانە بە پرەنسیپ هەڵسوکەوتیان کردووە و ئەو هێزە تاوانبارانەیان بە ڕەچاوکردنی هەموو مەرجە مرۆییەکان دەستگیرکردووە، ئەمەریکا داوا لە وڵاتانی دیکە دەکات ئەم هاوڵاتیانەی خۆیان کە هێزەکانی سوریای دیموکرات دەسـتگیریان کردوون بیانبەنەوە و دادگایـیان بکەن، وە ستایشی هێزەکانی سوریای دیموکرات بکەن بۆ ئەو هەوڵە بەردەوامانەی دەیدەن لە پـێناو گەڕاندنەوەی ئەو چەکدارە تێرۆرستانە بۆ وڵاتانی خۆیان.

لە کۆتای لێدوانەکەدا هاتووە: سەرەڕای ڕزگارکردنی ئەو ناوچانەی کە داعش کۆنترۆڵی کردبوون لە عێراق و سوریا، بەڵام هێشتا داعش جێی هەڕەشەیەکی گەورەیە، بۆیە کاری بە کۆمەڵ زۆر پـێویستە بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ئەم هەڕەشەیە کە جێی مەترسیـیە بۆ سەر ئاسایشی جیهان.

س.ح